تەندروستیی سلێمانی دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارەکانی تەقینەوەکە بڵاودەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دوایین ئاماری قوربانییەکانی ڕووداوی تەقینەوەی غاز لە ماڵێکی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی بڵاودەکاتەوە، کە سەرجەمیان 27 قوربانی بوون.

لە راگەیەنەدراوێکدا تەندروستیی سلێمانی ئاشکرایکردوە، “لەسەرەتای ڕووداوەكەوە تاوەكو كۆتایی 15 تیمی فریاكەوتنی تەندروستی ئامادەبوونیان هەبووە لەكاتی دەرهێنانەوەی تەرمی قوربانیانی ڕووداوەكە و سەرجەم پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار و بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی ئێمرجنسی و كارمەندان و پزیشكانی پزیشكی دادی و بانكی خوێن  و کۆگای دەرمانی هەرێم  هەموویان لەئامادەباشیدابوون و شەوی ڕابردو لە ئەركدابوون”.

ئامارەکانی تەندروستیی سلێمانی دەریخستووە کە تاوەکو ئێستا لەئەنجامی ئەو ڕووداوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسیش برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.

ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو بریندارانە هەشتیان دوای چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە  و سێ برینداریان نەشتەگەرییان بۆ كراوە و یەك بریندار لە بەشی چاودێریی چڕدایە.

تەندروستیی سلێمانی، سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی فریاکەوتن و  نەخۆشخانەكان و پەیمانگای پزیشکی دادیی و بانکی خوێن و کۆگای سەرەکی دەرمانی هەرێم دەکات كە توانیان چارەسەری پێویست پێشكەشی بریندارانی ئەو ڕووداوەکە بكەن.

بابەتی پێشتر

پاسێکی گەشتیاران لە بێخاڵ تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و پێنج کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

تۆڕی میدیایی ئێستا ناوی ئەو کەسانە بڵاودەکاتەوە کە لە تەقینەوەکەی سلێمانی گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share