کاندی کینی ڕیکۆردی جیهانی نیو ماراسۆنی شکاند

کیبییۆت کاندی ، ڕاکەری کینی پلەی یەکەمی نیو ماراسۆنی ڤالێنسیای بەدەستهێنا

ڕاکەری کینی، کیبییۆت کاندی لە پێشبڕکێی نیو ماراسۆنی ڤالێنسیا ڕیکۆردی جیهانی شکاند.

ڕاکەرە 24 ساڵەکەی کینیا ماوەی نیوە ماراسۆنی ڤالێنسیای بە 57 خولەک و 32 چرکە بڕی و پێش جاکۆب کیپلیمۆی ئۆگەندی پاڵەوانی جیهان کەوت، کە ماوەکەی بە 57 خولەک و 37 چرکە بڕی.

ڕیکۆردی جیهانی نیو ماراسۆن لە پێشوودا بەناوی ڕاکەری کینی جیۆفری کاموورۆوە بوو کە ماوەکەی بە 58 خولەک و یەک چرکە بڕیوە، ئەم ڕیکۆردەش لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2019 لە پێشبڕکێی کۆپنهاگن تۆمارکراوە.

لەم ماراسۆنە خێرایەدا، چوار ڕاکەر توانیویانە ڕیکۆردەکانی پێشوویان بشکێنن، کە ئەوانیش پێکهاتوون لە کاندی، کیپلیمۆ، هەروەها ڕۆنێکس کیبێرتۆ و ئەلیکساندەر مۆتیسۆ کە هەردووکیان هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتی کینیان.

کیبییۆت کاندی لەم وەرزەدا ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکردووە، لە چوار نیو ماراسۆنی جیهیانیدا توانیویەتی ڕیکۆردەکانی لە خوار ماوەی 59 خولەک تۆماربکات.

پێشبڕکێی نیو ماراسۆنی ڤالێنسیا بە خێراترین پێشبڕکێ ماوە درێژەکان ناویدەرکردووە، تەنانەت ڕیکۆردەکانیش بەهۆی گونجاوی کەشوهەواوە بەهێزتربوون، لەسەر ئاستی تاکە کەسیش، ڕاکەران نەوەی نوێی سبایکس (پێڵاوی ڕاکردنەکان)یان بەکارهێناوە کە ڕیشاڵی کاربۆنی زیاتر و پاژنە پێی بە دیزاینی نوێ تیادا بەکارهاتووە.

لەسەر ئاستی کچان، ئەستێرەی ئەسیوپی گانزیبی دیبابای تەمەن 29 ساڵ توانی نازناوی ڤالێنسیا بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی ماوەکەی بە کاتژمێرێک و پێنج خولەک و 18 چرکە تێپەڕاند.

بابەتی پێشتر

چوار وەزیری حکومەتی ھەرێم دەچنە پەرلەمان

بابەتی دواتر

وتەبێژی حكومەت: دامەزراندن دەستپێدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share