دوو پەرلەمانتار رایدەگەیەنن، كازم فاروق تائێستا بێهۆشە و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
هەریەك لە پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح و سۆران عومەر رایدەگەیەنن، پەرلەمانتار كازم فاروق تائێستا “بێهۆشە و لەژێر چارەسەر و چاودێری چڕدایە”.
ئەو زانیارییەی پەرلەمانتاران دوای سەردانكردنی خانەوادەی ئەو پەرلەمانتارە دێت، كە وەك خۆیان بڵاویانكردووەتەوە بەمەبەستی هەواڵپرسینی بووە.
لە كۆتایی مانگی رابردوو ئەختەر ئەحمەد دایكی كازم فاروق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، د. كازم لە سەرەتای ئەمساڵەوە نیشانەكانی نەخۆشییەكەی تێدا دەركەوت و لە مانگی شوباتدا تووشی خوێنبەربوون بوو دوای ئەوەی نێردرایە دەرەوە و پشكنینی بۆ كرا دەركەوت ژەهرخوارد كراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “پێشتر كەسانێك خۆیان بە دۆستی د. كازم دادەنا، بەڵام لە كاتی نەخۆشكەوتنەكەیدا پشتیان تێكرد و ئێستاش هەر كەسێك راستییەك لەسەر د. كازم فاروق بڵێت هێرشدەكەنە سەری”.