وەزارەتی پەروەردە: خوێندنی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت و پرۆگرام پوختدەكرێتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دۆخی كۆرۆناوە خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت و دەشڵێت، پرۆگرامی هەردوو وەرزی خوێندن پوخت دەكرێتەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی لە لیژنەی باڵای بەرەنگابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئاماژە بە مەترسیداریی تەشەنەسەندن و هەڵکشانی بەردەوامی توشبوون بە ڤایرۆسەكە دەکات، خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت، وەزارەتی پەروەردە پرۆگرامی هەردوو وەرزی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران پوخت دەکاتەوە و تەنها ئەو بابەتانە داخڵ دەبن بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن کە پێش مانگی تەمموز ئەنجام دەدرێن بۆ قۆناغی ( ١ی بنەرەتی تا ١١ی ئامادەیی).

وەزارەتی پەروەردە جەختیشیدەكاتەوە، لە هەماهەنگی بەردەوام دەبن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە خوێندنی ناوپۆل لەپاش جەژنی ڕەمەزان، کە لیژنەی باڵا بریاریداوە لەپێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن چەندین رێککاری دیکە لە کەرتی گشتیی و تایبەت و شوێنە گشتییەکان بگیرێتەبەر.

داواشدەكات، تا ئەوکاتە پێویستە بەتەواوی پابەندبوون و سوودوەرگرتن لە وانەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و کەناڵی تەلەفزیۆنی پەروەردەیی هەبێت و هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاوبگیرێت.

“تا دوای جەژنی ڕەمەزان خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی بەردەوام دەبێت”

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆبووەوە و بڕیاریدا پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكاندا بەشێوازی ئێستا تا دوای جەژنی ڕەمەزان بەردەوام بێت.

لیژنەكە بڕیاریشیدا لە ڕۆژانی جەژندا قەدەغەی گشتیی و سەرتاسەری ڕابگەیەندرێت.

بابەتی پێشتر

لیژنەی باڵای كۆرۆنا: لە ڕۆژانی جەژندا قەدەغەی سەرتاسەری ڕادەگەیەندرێت

بابەتی دواتر

عێراق.. 1200 كەس لەماوەی دوو ساڵدا بوونەتە قوربانی كردەوە تیرۆرستییەكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share