وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستمی پریپەید لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت و کارەباش دەبێت بە 24 کاتژمێری جەختیشکراوەتەوە، لە هەموو جیهاندا هیچ کارەبایەک هێندەی هەرێمی کوردستان هەرزان نییە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، ” هەرزانترین نرخی کارەبا لە هەموو جیهاندا لە هەرێمی کوردستانە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆ واتێکی کارەبا بۆ ماڵان دوو سەنتە، ئەمەش لە سیستەمی پریپەیدا، دەستکاری نرخی کارەبا نەکراوە، تەنیا ئەوەیە کە سەری مانگ کرێی کارەبایەکی 24 کاتژمێری دەدات”.
ئاماژە بەوە کراوە، سیستمی پریپەید لە شەش شوێنی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە، دوو شوێن لە هەولێر، دوو شوێنی سلێمانی و دوو شوێن لە دهۆک، لە بازاڕی لەنگە و سیتییەکی هەولێر و بازاڕی دهۆک و کۆمەڵگەی ئەڤرۆ سیتی لە دهۆک و چوار سیتی و عهلوەی سلێمانی جێبەجێ کراوە.
سیستەمی پریپەید لە رێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بە وتەی بریکاری وەزارەتی کارەبا، “ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک 800 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و ئەکتیڤ کراون”.