بەرپرسێكی دارایی ئاشکرایکرد، یەدەگی نەختینەی عێراق لە 90 ملیار دۆلار نزیكبووەتەوە و هاوكاردەبێت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا.
ئیحسان یاسری راوێژكاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، یەدەگی نەختینەی دراوە بیانییەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ 89 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.
وتیشی، “یەدەگی نەختینەی دراوە بیانییەکانی عێراق بەشی هاوردەكردنی خۆراك و شمەك و كاڵا بۆ ماوەی 22 مانگ دەكات و ئەوەش دۆخێكی ئەرێنییە و عێراق دەباتە ماوەیەك لە جێگیریی ئابورییەوە”.
داهاتی عێراق بە رێژەی 95% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، پێشبینیدەكرێت یەدەگی نەختینەی دراوە بیانییەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە 100 ملیار دۆلار و وەك یاسری دەڵێت، “حكومەت دەستكراوە دەبێت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا”.