باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، چاودێریی لێكۆڵینەوەی دەسەڵاتە ناوخۆییەكان دەكات لەبارەی كوشتنی هاوڵاتییەكی وڵاتەكەی لە بەغداد.
باڵیۆزخانەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراق جەخت لەسەر كوشتنی ستیڤن ئیدوارد ترۆیل-ی هاوڵاتیی ئەمریكی لە بەغداد دەكاتەوە.
دەشڵێت، “بە چڕیی چاودێری لێكۆڵینەوەكانی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی دەكەین لەبارەی هۆكاری مردنەكەی، لەكاتێكدا ئەوپەڕی پرسەباری و هاوخەمی بۆ خێزانی قوربانییەكە دەردەبڕێت، لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەبین بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەكی پێویست لەڕێی باڵیۆزخانەكەمانەوە”.
وەك رێزگرتن لە تایبەتمەندییەكانی خێزانی قوربانییە لەم دۆخە دژوارەدا، هیچ لێدوانێكی دیكەمان نابێت، باڵیۆزخانەكە وا دەڵێت.
ئێوارەی دوێنێ ستیڤن ئیدوارد لەناوچەی كەڕادەی بەغداد لەناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەیدا تەقەی لێكرا و كوژرا.
قوربانییەكە وەك مامۆستای وانەی ئینگلیزی بۆ رێكخراوی (میلینۆم) بۆ خزمەتگوزارییەكانی بەهاناوەچوون و پەرەپێدان كاریكردووە.