بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هێزەكانی كۆماندۆ: ئامادەی هەموو پێشهاتێکی نوێ بن

سەرۆكی یەكێتی سەردانی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت، ئامادەی هەموو پێشهاتێکی نوێ بن، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جێگری فەرماندە و فەرماندەی فەوجەکانی هێزەكە ستایشی رۆڵی فەرماندە ئاکام عومەری کرد لە بونیادنانی هێزێکی تۆکمە و رێکخراوی وەک کۆماندۆ کە رۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

وتیشی، “ئێستاش ماندوونەناسانە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بەردەوامن و پارێزەری مافی خەڵک و موڵکی گشتین کە ئەمەش جێگەی شانازیی هەموومانە”.

سەبارەت بە فەرماندەی هێزە، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، “لە دڵەوە هیوای تەندروستییەکی باش بۆ برام فەرماندە ئاکام دەخوازم تاوەکو بەزووترین کات بگەڕێتەوە ناومان و بەرەو ئامانجی گەورەتر هەنگاوبنێت”.

دەربارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هێزەکانی کۆماندۆ، سەرۆکی یەكێتی بەرچاوڕوونی دایە جێگری فەرماندە، فەرماندەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی کۆماندۆ کە وەک هەمیشە و بە “رۆحێکی بەرپرسیارانەوە لە ئەرکە سەربازییەکەیان بەردەوامبن و ئامادەی هەموو پێشهاتێکی نوێ بن، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین”.

 

بابەتی پێشتر

هەڤاڵ ئەبوبەكر: لە هەوڵی كەمكردنەوەی نرخی نەوتی سپی و زیادكردنی بڕەكەیداین

بابەتی دواتر

یۆنان ژمارەیەک زەمالەى خوێندن پێشکەش بە زانکۆکانى هەرێم دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share