سەربازیی زۆرەملێ دواخرا
ئێستا هۆكارەكەی ئاشكرادەكات

پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ دووەم جارە لە بردنی بۆ هۆڵی پەرلەمان و خوێندنەوەی دوادەخرێت، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری هۆكاری دواخستنەكەی و مووچەی هەر سەربازێك بۆ ئێستا ئاشكرادەكات.

بڕیارە كاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێكردنی چەند پڕۆژەیاسایەك كۆببێتەوە، یەكێك لەو پڕۆژەیاسایانەی بڕیاربوو لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بخرێنەڕوو، پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ بوو، بەڵام لە كارنامەی كۆبوونەوەكە دەرهێنراوە.

مەلا كەریم شكور ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران، هۆكاری دواخستنی خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساكەی بۆ “ئێستا” ئاشكراكرد و وتی، “بڕیاربوو رۆژی یەكشەممەی رابردوو پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ ببرێتە ئەنجومەنی نوێنەران، دواتر دواخرا بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، بەڵام لە كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆش دەرهێنراوە”.

ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاشكرایكرد، ناكۆكیی زۆر هەیە لەبارەی پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێوە، بە تایبەت لەبارەی بودجەی پێویست بۆ كردنەوەی سەربازگەكان و مووچە و دەرماڵەی سەربازان.

وتیشی، “دەبێت پڕۆژەیاساكە دوو خوێندنەوەی بۆ بكرێت و دوای دوو ساڵ لە پەسەندكردنی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ پەیڕەوبكرێت، كە لە پڕۆژەیاساكەدا مووچەی هەر سەربازێك بە 600 بۆ 700 هەزار دینار دیاریكراوە، بەڵام مشتومڕی زۆر لەبارەی كۆی ئەو دۆسیەیەوە هەیە”.

بابەتی پێشتر

هۆكاری كوشتنی ئەمریكییەك لە بەغداد ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

دیندار زێباری: لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پارەیەکی باش بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاوەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share