باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەڵێت، وڵاتەكەی پشتیوانیی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و داوایكرد هەرێم و بەغداد گرفتەكانی نێوانیان چارەسەربكەن.
ئەلینا رۆمانوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریكا هاوكاری و پشتیوانیی پێویست پێشكەش بە حكومەتی فیدراڵی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكات، لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی و ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتی ئابوریی عێراقدا.
رۆمانوسكی ئەو قسانەی لە دیداری مێری لە هەولێر كرد و وتی، “ئەمریكا لە عێراق ناكشێتەوە و وەك سەرۆك بایدن رایگەیاند، لەم وڵاتەدا دەمێنینەوە”.
باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق راشیگەیاند، “پابەندییەكی درێژخایەنمان لەگەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە و رێككەوتننامەی ستراتیژیی ساڵی 2008 جێبەجێدەكەین و لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا هاوكاریی عێراق دەكەین”.
لە درێژەی وتەكەیدا، باڵیۆزی ئەمریكا ستایشی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانی كرد لە پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا و داوایكرد هەرێم و بەغداد گرفتەكانی نێوانیان چارەسەربكەن.