فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە خورماتوو، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكە دەڵێت، “بەردەوامدەبین لە بەدواداچوون تا پڕۆژەكان جێبەجێدەكرێن”.
کەریم شکور ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، ژمارەی پڕۆژەكانی قەزای خورماتوو و وردەكاریی جێبەجێكردنیانی ئاشكراكرد و بە ئێستای راگەیاند، 17 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر لە بوارەكانی شەقام و رێگاوبان و كارەبا و وەرزشدا لە خورماتوو جێبەجێدەكرێن و بەشێكیان بە شێوەی پارەداركردنی راستەوخۆ بودجەیان بۆ دابیندەكرێت.
وتیشی، بە نووسراوی فەرمی داوایان لە حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سەڵاحەدین و لایەنە كارگێڕییەكان كردووە 10 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قەزای خورماتوو بە شێوەی جێبەجێکردنی راستەوخۆ ئەنجامبدرێن و رەزامەندیی پارێزگاریان وەرگرتووە و دەستكراوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، كە بەشێكیان بریتین لە قیرتاوکردنی شەقامە سەرەكی و لاوەكییەكانی ناوشار.
جگە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، چەندین پڕۆژە لە بوارەكانی تەندروستی و وەرزشی و تەلارسازیدا لە خورماتوو جێبەجێدەكرێن كە بریتین لە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی و دوو هۆڵ بۆ بۆنەكان و دوو یاریگا كە وەك کەریم شکور دەڵێت، بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، حكومەتی ناوەندی و پارێزگاری سەڵاحەدین بڕیاری تەرخانكردنی بودجەی پڕۆژەكانیان داوە.