بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، “یەکێتی پەرۆشی دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەقامگیرە بۆ هاوڵاتییان و لەو پێناوەشدا هەوڵی زۆرمان داوە”.
ئەمڕۆ یەكشەممە لە دەباشان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیكرد لە ئێلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئامادەیبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێکران و جەخت لە هەماهەنگی و بەردەوامیی گفتوگۆکان کرایەوە لە پێناو سەقامگیریی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوەند و هەوڵەکانی یەکێتی کرد و وتی، “یەکێتی پەرۆشی دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەقامگیرە بۆ هاوڵاتییان و لەو پێناوەشدا هەوڵی زۆرمان داوە. دەبێت هەموومان پێکەوە لە پێناو داهاتووی وڵات کاربکەین و بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکان نەکەینە قوربانیی ململانێ کەسی و حزبییەکان. دەبێت حکومەتی نوێ پارێزەری مافی هەموو گەلانی عێراق بێت و خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموو تاکەکان بکات بەبێ جیاوازی”.
لە بەرامبەردا ئێلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی حزبەکە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و سەرخستنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. هیواشیخواست ئەمە هاندەرێک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو کارکردن بە ئاراستەی دەستوور لە وڵاتدا.
ھەر لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە لە بوارەکانی دیپلۆماسی، بازرگانی و کەلتووری لە چێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکاندا.