بە هۆی ئەو قەیرانەی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە لەگەڵ ئەو دابەزینەی لە بەهای پاوەن روویداوە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە بەریتانیا 28هەزار کەس مایەپووچ بوون.
بە پێی ئەو داتایانەی دامەزراوەی Insolvency Service ی تایبەت بە هاوکاریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکانی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ” لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ 27 هەزار و 927 حاڵەتی مایەپووچبوونی کەسی تۆمارکراوە، هاوکات ئەو کەسانەی داوای هاوکاری داراییان کردووە بە رێژەی %18 بەرزبووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەمساڵ بۆ دووەمینجار هەڵاوسان بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە گەیشتووەتە %10”.
ئاشکراشی کردووە، “حاڵەتەکانی مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان لە ئینگلتەرا و وێڵز بە رێژەی %40 بەرزبوونەوە و گەیشتوونەتە پێنج هەزار و 595 لەسەر ئاستی ساڵانە لە ماوەی چارەکی کۆتایی ئەمساڵ”.