لە وتووێژەكانی ئەمجارەدا ئێران و خۆرئاوا چییان لە یەكتر دەوێت؟

هۆتێل پالێ كۆبەرگ لە ڤییەنا، شوێنی كۆبوونەوەی ئێران و ئەوروپا و ئەمریكا – فۆتۆ، AFP

ئەمڕۆ دووشەممە وڵاتانی خۆرئاوا و ئێران لە هۆتێل “پالێ كۆبەرگ” لە ڤییەنا كۆبوونەوە و دەستیانكردەوە بە وتووێژەكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی تاران، ئێران دەیەوێت سزاكانی سەری لاببرێن و خۆرئاوا هەوڵدەدات سنوور بۆ چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران دابنێت، ئیسرائیل بە دەنگی بڵند و ئاشكرا بە خۆرئاوا دەڵێت، “نەچنە ژێرباری تارانەوە”.

ساڵی 2015 و لەهەمان شوێن، ئێران و وڵاتانی زلهێز ڕێككەوتنێكیان بەناوی “ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی” واژووكرد وەك هەوڵێك بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر پەرەپێدانی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران، دەستكەوتی ئێران لەو ڕێككەوتنە ئەوەبوو سزاكان لەسەری هەڵبگیرێن.

ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ تاكلایەنانە لە ڕێككەوتننامەكە كشایەوە و سزای ئابوریی زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش ئێرانی تووڕە و وڵاتانی ئەوروپای نیگەران كرد.

ڕاگرتنی گفتوگۆكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا، لەلایەك دۆخی ئابوریی ئێرانیان خراپكرد، لە لایەكی تریشەوە تارانیان خستە دۆخێكەوە كە هەوڵی زیاتر بدات لەپێناو برەودان بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی و یۆرانیۆمی زیاتری پیتاند، كە خۆرئاوا دەڵێت نزیكبووەتەوە لە ڕادەی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، دوو هۆكار كە یەكەمیان وای لە ئێران كردووە ئارەزووی گەڕانەوە بۆ وتووێژ و دانوستاندن بكات، دووەمیشیان خۆرئاوا بەرەو هەمان ڕێگا ڕادەكێشێت.

دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەكە، ئێران پەرەی دا بە چالاكی و كارە ئەتۆمییەكانی و یۆرانیۆمی تا ڕێژەی 60% پیتاند، لەكاتێكدا شارەزایان دەڵێن گەیشتن بە قۆناغی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، پێویستی بە یۆرانیۆمی تا ڕێژەی 90% پیتێندراوە.

ئێران دەیەوێت لەم گەڕەی وتووێژەكاندا هەموو سزاكانی ئەمریكا لەسەری هەڵبگیرێن، بەڵام ئەمریكا و ئەوروپا ئەوە بە ئەستەم دەبینن و ئەمریكا دەڵێت ئەگەر وتووێژەكان شكستبهێنن، سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

ڕۆبەرت مالی نوێنەری تایبەتیی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران دەڵێت، “ئەگەر ئێران بیەوێت ئەم كات و دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزكردنی خۆی و دواتر بگەڕێتەوە و داوای شتی باشتر بكات، ئەوا سەركەوتوو نابێت و ئێمە و هاوبەشەكانمان هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ڕێگری لەوە بكەین”.

لەبەرامبەر ئەوەشدا عەلی باقری گەورە دانوستانكاری ئێران لە بواری ئەتۆمدا دەڵێت، “لەپێناو دەستەبەركردنی ڕێككەوتنێكی بەهێز و یەكلاكەرەوە، دەبێت خۆرئاوا باجی ئەو شكستە بدات كە لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی كشاوەتەوە”.

ئیسرائیل بۆ ئەوروپا و ئەمریكا: ملكەچی ئێران مەبن

نەفتالی بێنێت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، داوا لە وڵاتانی خۆرئاوا دەكات ملكەچی ئێران نەبن و نەچنە ژێرباری داواكانی. بێنێت یاداشتێكی داوە بە نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێراندا كۆدەبنەوە و وتووێژدەكەن و دەڵێت، “ئێران هەوڵدەدات كۆتایی بە سزاكان بهێنرێت بەبێ ئەوەی هیچ بكات و دەیەوێت پارێزگاری لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بكات، ئەو دەیەوێت بە جارێك هەموو سزاكان هەڵبگیرێن و بەوەش دەستبەجێ سەدان ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت”.

بابەتی پێشتر

سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداری دەدات<br>کەمبارانی بەردەوام دەبێت و ئەوەی ئەمساڵ توندتر دەبێت

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە لە باڵۆندۆری حەوتەمی مێسی سوودمەند دەبێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share