ئاسایشی سلێمانی باندێكی رفاندن ئاشكرادەكەن كە پەیوەندییان بە رفاندنی بازرگانەكەی سلێمانییەوە ھەبووە

ئاسایشی سلێمانی باندێكی رفاندن ئاشكرادەكەن كە پەیوەندییان بە رفاندنی بازرگانەكەی سلێمانییەوە ھەبووە و لە شاری كوت دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكی دزراودا گیرا.

بە پێی ڕاگەیەندراوێنكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، هێزەكانی ئاسایش باندێكی رفاندن و دزیكردن كە لە دوو گروپ ( كورد ، عەرەب ) پێكهاتبوون ئاشكرادەكرێن و ئەندامەكانیان دەستگیركراون و رفێندراوێكیش كە بازرگانێكی دانیشتووی سلێمانی بوو كەمتر لە 24 كاتژمێر لە ڕێگای بەغدا – دیالە رزگاركراو بە خانەوادەكەی شادكرایەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، “دوای ئەوەی رۆژی پێنج شەممە 13ی ئەم مانگە ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی ئاگاداردەكرێنەوە لە بوونی رووداوێكی تاوانكاری و رفاندن و دزی كە لە بەرەبەیاندا و كاتژمێر 4:20 چوار تاوەنكار بە جلوبەرگی سەربازی و بە ناوی ھێزەكانی ئاسایشەوە ھەڵدەكوتنە سەرماڵێك لە گەڕەكی ئاشتی لە سلێمانی یونس قادر ئەحمەد خاوەن ماڵ كە بازرگانە، ئازاری دەدەن و دەیڕفێنن و ئۆتۆمبێلەكەی كە لە جۆری لێكززە لەگەڵ بڕێك پارە و ئاڵتوون دەدزن و ھەڵدێن”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەستبەجێ ھێزەكانمان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد و لەسەر بنەمای بەدواداچوون، سەرەداوی ورد دەستكەوت لەسەر ئەم رووداوە تاوانكارییە، ئاشكرابوو كە تۆمەتباران بەرە و بەغداد ھەڵهاتوون و لە سنووری ھەرێمی كوردستان نەماون، لەسەر پێشنیازی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ( الامن الوطنی) پێكهێندرا و دوای ھەماھەنگی و رەزامەندیی دادوەر سێ تیمی ئۆپەراسیۆن جووڵەیان پێكراو بە ڕێكەوتن بۆ بەغداد ، دیالە و كفری كە بە ھاوكاریی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە دوو ھەڵمەتی جیا جیا و لەیەككاتدا ھەریەك لە ( ئ ، م ) و ( ھ . ی ) لە نزیك بەغداد و دیالە دەستگیركران و ھاوڵاتیی بارمتەكراو یونس قادر ئەحمەد یش رزگاركرا

ئاسایشی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، لە قەزای كفریش ھەمان رۆژ لەلایەن ھێزەكانمانەوە تۆمەتبار بە ناوی( م . م ) دەستگیركرا و ئەو ئۆتۆمبێلەشی تاوانەكەی پێئەنجامدرابوو دەستی بەسەرداگیراو ئۆتۆمبێلە دزراوەكەش دۆزرایەوە.

ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە هەینی ڕابردوو كە دەكاتە 14ی ئەم مانگە تۆمەتبارێكی تر لە سلێمانی بە ناوی ( ح . ع ) دەستگیركرا و دەستبەسەر جبەخانە و چەك و چەند جۆرێك جلوبەرگی سەربازییشدا گیرا و ھاوڵاتی ( یونس قادر ئەحمەد ) بە سەلامەتی بە خانەوادەكەی شادكرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لێكۆڵینەوە بەردەوامبوون، زانیاریی نوێ بە دەستھات كە ئۆتۆمبێلێك لە جۆری توێۆتا كامری لە یەكێك لە نووسینەگەكانی بە كرێدان لە سلێمانی بەكرێ گیراوە و لەلایەن ھەمان گروپە دزراوە، دواتر دەستكەوتنی بەڵگە بە ھاوكاریی ھێزەكانی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رۆژی یەكشەممەی ڕابردوو 16ی ئەم مانگە لە كوت توانرا تۆمەتبارێكی تر بە ناوی( ع ، خ ) پەیوەست بە گروپە تاوانكارییەكە كە عەرەب بوو دەستگیركراو ئۆتۆمبێلەكەش دۆزرایەوە و بۆ خاوەنەكەی لە سلێمانی گەڕێندرایەوە.

ئاسایشی سلێمانی جەختدەكاتەوە، “ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتییان وەك ئەركی سەرشانی ھێزەكانمان بە ئەمانەت و بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە ڕایدەپەڕێنین لە بەرامبەر تاوانكاران و لە ھەر تۆمەتبارێكی یاساشكێن، سڵناكەینەوە ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەكەین و ماف بۆ خەڵكی خۆمان دەگەڕێنینەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی: سەرپەرشتیاری ئەو گروپە شاخەوانییەی ئەمڕۆ لە قەرەداغ بوون بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکرا

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سەرپەرشتیاری ئەو گرووپە شاخەوانییەی ئەمڕۆ لە قەرەداغ بوون…
Total
0
Share