وتەبێژی گۆڕان داوا لە نوێنەرانی لە حكومەت دەكات پشتیوانی لە خواست و داخوازییەكانی هاوڵاتیان و خۆپیشاندەران بكات و دەشڵێت، سبەی شاندی پارتی دەگاتە سلێمانی و بڕیارە شاندەكە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆببێتەوە.
عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ شەممە 5ی كانونی یەكەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە كە خۆپیشاندان مافێكی ڕەوای خەڵكە و بەشێك لە ئازادییەكان و هێزە ئەمنییەكان ئەركیان تەنها پاراستنی خۆپیشاندەرانە، بۆیە پێویستە نوێنەرانی گۆڕان لە حكومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكردن پشتیوانی لە خۆپیشاندەران بكەن.
دەربارەی پرسی لامەركەزی-یش عەدنان عوسمان وتیشی، لە بنەڕەتدا كارنامەی حكومەت لەسەر بنەمای لامەركەزی بونیادنراوە و بەشێك لە ڕێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەتیش لە چوارچێوەی بڕوابوونە بە لامەركەزی، ئێستاش هەستدەكرێت هەنگاو دەنرێت لەو ڕوەوە و بۆ ئەوەش پێویستە یاسای ژمارە سێ هەمواربكرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی ئێستای هەرێم بەهۆی كەڵەكەبوونی هەڵە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەكانی ڕابردووە و ئەوەی ئێستا ئەنجامی ئەو هەڵانەیە، بەڵام وەك گۆڕان “لەو ڕۆژە بەشدارین لە حكومەتدا ناتوانین شان خاڵی بكەین لە بارۆدۆخە و بەرپرسیارێتی دۆخی هەرێم هەڵدەگرین”.
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا دەربارەی قەرزكردن لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان عەدنان عوسمان وتی، ئەوە یەكێكە لە نیشانەكانی “ناچالاكی و بێهێزی پەرلەمانی كوردستان”، ئەو ماوەیەی گۆڕان كورسی زۆری هەبوو، پەرلەمانی كوردستان دەستی بۆ هەموو پرسەكان دەبرد، بەڵام ئێستا پەرلەمان لاوازە و قودرە و ئیدارەی بەهێز نییە بۆیە شانی خاڵی كردووەتەوە لەو پرسانەی پەیوەندی بە خەڵكەوە هەیە”.
هەروەك لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی پەیامنێری ئێستا دەربارەی كۆبوونەوەی سێ قۆڵییان لەگەڵ یەكێتی و پارتی، وتەبێژەكەی گۆڕان ئەوەی ئاشكراكرد كە سبەی شاندی پارتی دەگاتە سلێمانی و بڕیارە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆببنەوە و ئەوەش ئامادەكاری دەبێت بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوانیان.