بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فەرماندە و ئەفسەرانی باڵای ھێزەكانی 70 و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی، لە بارەگای فەرماندەی ھێزەكانی 70 لە ڕێوڕەسمێكی پڕشكۆی سەربازی و شایستە بە ڕۆڵی و مێژووی خەباتی، تەرمی فەریقی یەكەمی ڕوكن (نەوشیروان فوئاد مەستی) تێكۆشەری ناسراوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دۆستی نزیكی سەرۆك مام جەلال بەرێزەوە بەرەوە دوامەنزڵی بەڕێكراو لە گردی سەلیم بەگ لە سلێمانی بەخاكسپێردرا.
لە مەراسیمەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاڵای پیرۆزی كوردستانی بەخشییە خانەوادەی سەربەرزی خوالێخۆشبوو، لە نزیكەوە پرسە و سەرەخۆشی پێگەیاندن و ماڵئاواییە هەمیشەییەكەی كاك نەوشیروان فواد مەستی بە خەسارەتێكی گەورە بۆ هێزی پێشمەرگە و كوردستان لە قەڵەمدا و ڕایگەیاند “یەكێك لە مامۆستا بەئەزموون و لێهاتووەكانی سەربازیمان لەدەستدا كە پڕكردنەوەی جێگاكەی ئاستەمە”.