رێكخراوێكی بواری ژینگە: چاوەڕوانی قڕکردنی درەختەکانی کوردستان بن

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما رێكخراوێكی بواری ژینگە حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە كەمتەرخەم ناودەبات و دەڵێت، “بەهۆی بێباکیتان، چاوەڕوانی قڕکردنی درەختەکانی کوردستان بن”.

رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە رایگەیاند، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە، بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، داوامانکردووە فریای ناوچە کوێستانییەکان بکەون، بۆ پێدانی بەشە سووتەمەنی پێویست، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ناچارنەبن پەنا بۆ بڕینەوەی دارستانە سروشتییەکان ببەن.

دەشڵێت، “لە ساڵانی رابردوو بینیمان کە بەناچاری ئەوەی چاوەڕوانیمان دەکرد روویدا، دڵنیاشین ئەمساڵ زیاتر درەخت و داری دارستانە خۆڕسک و دەستکردەکان مەترسیان لەسەر دەبێت”.

رێكخراوەكە دەڵێت، ناکرێت حکومەت لەئێستاوە بیر لەوە بکاتەوە ئەو نەوتەی دەیدات بە هاوڵاتییان بە شێوەی بازرگانی پێیان بدات و بیر لە قازانج بکاتەوە، کە دڵنیاین ئەمساڵ بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، سەرما و سۆڵە زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن.

هەروەك ئامارێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2021 رووبەری 1126528.38 دۆنم پاوان و دارستان لە هەرێم سووتاون، جگە لەو زیانەی پێیان گەیەندراوە وەكو (بڕینەوە، سووتاندن، تەختکردن، تەلبەندكردن، رەژوکردنی بێ مۆڵەت، دروستکردنی بینا و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبیل، راوکردن، دروستکردنی پڕۆژەی بچوک و دروستکردنی رێگاوبان) کە بەهۆیانەوە رێژەیەکی زۆر دارستان و پاوەن لەناوچوون و ژینگەی ناوچەکان تێکدراون.

هۆشداریشدەدات ئەگەر ئەمساڵ حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پەلەنەکات لە پێدانی سووتەمەنی بە تایبەتی بە ناوچە کوێستانییەکان، “ئەوا دڵنیابن چەند ساڵێکی دیكە، شتێک نامێنێت بەناوی دارستان لە هەرێمی کوردستان”.

بابەتی پێشتر

وەزیری دارایی پێشوو: ئەو دزییەی کراوە گەورەترین ئابڕووچوونی سەدەی نوێیە

بابەتی دواتر

فەرەنسا 15 ژن و 40 منداڵی لە کامپی هۆلەوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share