جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم نیگەرانی بەرامبەر شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك فەرماندە و پێشمەرگەی هێزەكانی كۆماندۆ نیشاندەدات و دەڵێت، ڕێگەنادەن خوێنی شەهیدان بەفیڕۆبڕوات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە داخەوە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگەی دڵسۆز مولازم زوهێر محەمەد شەهید بوو و ئاکام عومەر فەرماندە ئازا و لێهاتووەکەی هێزەکانی کۆماندۆ و چەند پێشمەرگەیەکی دیكە برینداربوون.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، هێزی کۆماندۆی کوردستان و فەرماندە ئاکام بە درێژایی ساڵانی رابردوو رۆڵێکی گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا بینیوە و بە دڵنیاییەوە بۆ لەمەودواش پێداگرتر لە جاران هەوڵی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی کوردستان دەدەن و رێگەنادەن خوێنی شەهید مولازم زوهێر و شەهیدانی دیکەی کوردستان بەفیڕۆبچێت و بە توندترین شێوە توڵە لە تیرۆریستان دەکەنەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و خانەوادەی شەهید مولازم زوهێر دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ فەرماندە ئاکام و پێشمەرگە بریندارەکانی دیكەی کردەوە تیرۆریستییەكە دەخوازێت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی پەڵکانە و زینانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆمبێک بە هێزەکانی کۆماندۆدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا ئاکام عومەر فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بە سەختی برینداربوو، مولازم زوھێر محەمەد شەھید و حەوت پێشمەرگەی دیکەی ھێزەكەش برینداربوون.