قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا کۆبووەوە، تاوتوێی چەند پلانێکی هاوبەشیان کرد بۆ چۆنێتیی پشتگیریکردنی سلێمانی لەڕووی چالاکییە هونەری و کلتورییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی ئەمریکا کۆبوونەوە، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە پێگەی مێژوویی سلێمانی لە بواری رۆشنبیری و هونەری و کلتوریدا و ڕوونیکردەوە کە بۆچی گرنگە لەم قۆناغەدا زیاتر پشتگیری لە چالاکییە کلتوری و هونەرییەکان لە سلێمانیدا بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پلان و بیرۆکەیەک کرا کە ئەمریکا و حکومەتی هەرێم پێکەوە کاربکەن بۆ پەرەپێدانی چالاکییە کلتوری و هونەرییەکان لە کوردستان بە گشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی.
ئاماژە بە پرۆگرامەکانی ئەمریکا کرا کە زیاتر لە 18 پرۆگرامیان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی تواناکان و تاوتوێی ئەوە کرا کە چۆن کەڵک لەهەندێ لەو پرۆگرامانە وەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی چالاکییە کلتورییەکان لە سلێمانی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی بەهێزکردنی پەیوەندییە هونەری و کلتورییەکانی نێوان کوردستان و ئەمریکا کرا و هەردوولا هاوڕابوون پێکەوە کاربکەن بۆ دروستکردنی پردێک بۆ پەیوەندیی لەنێوان هونەرمەندانی کوردستان و ئەمریکا.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە گرنگی بە پیشەیی کردنی هونەر کرد لە کوردستان تا هونەرمەندانی کوردستان مافیان پارێزراوبێت و بتوانن ژیان و گوزەرانیان لەڕێی بەرهەمە هونەرییەکانی خۆیانەوە دابین بکەن.
داوایکرد، ئەمریکا یارمەتیی حکومەتی هەرێم بدات لە بە پیشەیی کردنی هونەر لە کوردستان.