هەناری ئەمساڵی هەرێمی كوردستان هەناردەی ئیمارات و بەریتانیا دەكرێت و هەڵەبجە و دهۆك پێشەنگن.
سەرباری كەمیی بەرهەمی ئەمساڵ، هەڵەبجە هەزار تۆن هەنار هەناردەی ئیمارات دەکات. ستار مەحمود بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە زانیارییەكەی بۆ ئێستا پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمساڵ لە هەڵەبجە و دهۆكەوە هەنار هەناردەی دەرەوەی كوردستان بكرێت و هەزار تۆنی لە هەڵەبجەوە دەبێت كە رەوانەی بازاڕەكانی ئیمارات دەكرێت.
وتیشی، كۆمپانیای كەرتی تایبەت هەنار هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكات و حكومەت بڕیاریداوە پشتیوانیی كەرتی تایبەت بكات، بۆ ئەو مەبەستە كارئاسانیی كردووە بۆ كۆمپانیای سازان هەناری كوردستان بنێرێتە بازاڕەكانی دەرەوەی وڵات.
لەو بارەیەوە فەرەیدوون نامدار خاوەنی كۆمپانیای سازان بە ئێستای راگەیاند، دەیانەوێت هەنار هەناردەی ئیمارات و بەریتانیا بكەن، بەڵام تا ئێستا رەزامەندیی حكومەتی عێراقیان بەدەستنەهێناوە و وتی، “چاوەڕوانی رێگەپێدانی حكومەتی عێراقین بۆ هەناردەكردنی هەنار و لە هەوڵەكانمان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامین”.