پەرلەمانتارێكی یەكێتی رەخنە لە بەڵێنەكانی حكومەتی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییاندا دەگرێت و دەڵێت، بازرگانی بەو پرسەوە دەكرێت.
کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە دواهەمین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان باسیان لەوەکرد کە حکومەتی هەرێم 70 ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ قۆناغی یەکەمی دابەشكردنی نەوتی سپی و، بەڵێنییاندا بە سێ قۆناغ بەشێوەی پاڵپشتی نەوت دابەشبکرێت.
وتیشی، “بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنها بازرگانیکردنە و هیچی دیکە، چونکە هەموو هەرێمی کوردستان پێویستی بە 258 ملیۆن لیتر هەیە و، لەو بڕە 58 ملیۆنی بۆ ناوچە شاخاوییەکانە”.
حکومەت چەند ڕێگەیەکی لە بەردەمە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، یەكەم، کڕین و خەزانکردنیەتی لە وەرزی هاوین و دابەشکردنی لە سەرەتای وەرزی پایز، بەم شێوەی نرخەکەی زۆر کەم دەبێت و هەموو هاوڵاتییەکیش وەریدەگرێت. دووەمیش پێدانی نەوت بە پاڵاوتگە ناوخۆییەکانی (قەیوان، کار و لاناز) تا بتوانێت هاوشێوەی عێراق نەوت بدات بە هاوڵاتییان و سێیەمیش بەپێی پێشنیاری ئەو پەرلەمانتارە تەرخانکردنی پارەیەکی مانگانەیە لە داهاتی گشتی و کڕینی نەوت و دابەشکردنیەتی بە شێوەی پاڵپشتیی تەواوەتی.
ئەندامەكەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان رەخنە لە حكومەتی هەرێم لە پرسی دابەشکردنی نەوتی سپیدا دەگرێت و دەڵێت، “نە ئەجێندای هەیە و نە پلان و، نە بۆی گرنگە لەسەر هاوڵاتییان چەند دەکەوێت؛ ئەوەی ئێستا دەکرێت تەنها کڕینی نەوت و فرۆشتنەوەیەتی بە هاوڵاتییان و، لەکۆتایشدا دەوڵەمەندتربوونی چەند بازرگانێکی دیکەیە!”.