چیرۆکی ئەو 92 کۆچبەرەی بە ڕووتی لە سنووری یۆنان و تورکیا دۆزرانەوە

ئەسینای پایتەختی یۆنان ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کە 92 کۆچبەر بەڕووتی دۆزراونەتەوە، دوای ئەوەی ناچاربوون لە ڕووباری ئێڤرۆس بپەڕنەوە کە تورکیا و یۆنان لەیەکتر جیادەکاتەوە، لەوبارەیەوە تاکیس تیۆدۆریکاکۆس وەزیری پاراستنی مەدەنی یۆنان ڕۆژی یەکشەممە باسی لەوەکرد ئەوەی ڕوویدا وێنەیەکی نامرۆڤانەیە.

پاولینا باکولا وتەبێژی حکومەتی یۆنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە ، “92 کۆچبەر ڕۆژی هەینی رزگارکراون” بە هاوکاریی دەسەڵاتدارانی یۆنان .

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا لەبارەی ڕووداوەکەوە نووسیویەتی، “نیگەرانی قووڵی خۆمان دەربڕین بەرامبەر بەو ڕاپۆرت و وێنە شۆککەرانەی 92 کۆچبەر، کە ڕاپۆرتەکان باس لەوەدەکەن لە سنووری وشکانی یۆنان و تورکیا دۆزراونەتەوە ، کە ڕووتکراونەتەوە”.

باکولا لە وارشۆوە کە بنکەکەی ئاژانسی فرۆنتێکسی تێدایە وتی، “کارمەندانی فرۆنتێکس پشتڕاستیان کردەوە کە کۆچبەرەکان بە ڕووتی دۆزراونەتەوە و هەندێکیان برینی دیار بە جەستەیانەوە هەبووە” .

وەزیری پاراستنی مەدەنیی یۆنان تورکیای بە “قۆستنەوەی کۆچی نایاسایی” تۆمەتبار کرد، لە بەرامبەردا ئەنقەرە ڕەتیکردووەتەوە کە دەستی هەبووبێت لە مامەڵەی ناخۆش و بێڕێزی لەگەڵ ئەو پەنابەرانەدا.

ئیسماعیل کاتاکلی جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تویتێکدا داوای لە یۆنان کرد “ساختەکاری و فریودان” رابگرێت.

وە تیۆدۆریکاکۆس لە میانی لێدوانە تەلەڤیزیۆنیەکانیدا سەبارەت بەو ژمارە کۆچبەرە ڕایگەیاند، “بە ئەندامانی فرۆنتێکسیان وتووە کە سێ ئۆتۆمبێلی سەر بە سوپای تورکیا ئەوانیان گواستووەتەوە بۆ ئێڤرۆس”.

نۆتیس میتاراشی وەزیری کۆچبەری یۆنان، ئەوەی ڕۆژی شەممە ڕوویدا بە “شەرمەزارییەک بۆ شارستانیەت”  ناوبرد.

ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بەدواداچوون و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بەردەوام ئەسینا تۆمەتبار دەکەن بەوەی گەڕانەوەی زۆرەملێ و نایاسایی و توندوتیژی لەسەر سنوورە دەریایی و وشکانییەکانی لەگەڵ تورکیا ئەنجامدەدات، بەڵام ئەسینا هەمیشە ڕەتیدەکاتەوە پەنا بۆ ئەو کارانە ببات کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن.

لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی وتارێکیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یۆنانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی “سیاسەتە سەرکوتکەرەکانییەوە” دەریای ئیجەی کردووە بە “گۆڕستان”.

ڕێکخراوی ناحکومی “ماری لیبرۆم” لە لێدوانێکدا لەسەر ڕووداوەکە، پێیوابوو کە “تاوانەکانی دژی مافی مرۆڤ لە ناوچەی ئێڤرۆس ڕێکدەخرێن، و ڕۆژانە لەلایەن تورکیا و یۆنانەوە ئەنجام دەدرێن”.

بابەتی پێشتر

ئێران هەڕەشەدەكات: ئەمریكا لە هەرێمەوە هێرشبكات بەرپەرچی دەدەینەوە

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەستبەکاردەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share