توێژەرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەهۆی ئینكاریكردن لەسەر ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەوە ڕوویدا.
مەسعود عەبدولخالق توێژەری سیاسی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستا ڕاگەیاند، “پرسی 16ی ئۆكتۆبەر قوڵایی خۆی هەیە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی دیكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەگەزپەرستییەی عەرەب بەرامبەر بە كورد هەیەتی، زۆرجار هەڵەیەكی سەركردایەتیی سیاسیی كورد بیانوویەكیان دەداتێ تا بیانووی ئەم جارەش پرسی ڕیفراندۆم بوو”.
باسی لەوەشكرد، ” دۆسیەی كورد هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی مافی چارەی خۆنووسین ئەوەی كە هەیە دەبێتە مافی جیابوونەوە، بۆیە دەبوو ڕەزامەندیی نەتەوە یەكگرتووەكان یاخود لایەنی عێراقی وەربگرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەڵام سەركردایەتیی كورد ئینكارییەكی زۆر بە نەشارەزاییانە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا كرد و وای لە خۆی كرد هیچ وڵاتێك لە جیهاندا پشتگیری ئەو ڕیفراندۆمە نەكات، بەڵام ئەوان ئەنجامیاندا”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “لەدوای ڕیفراندۆم سەركردایەتیی سیاسیی كورد سازشێكی زۆری كرد، لە دوای بەڕێوەچوونی یەك كۆمەڵ پرسیاری زۆر دروستبوون كە تائێستاش وەڵامیان نەدراوەتەوە، كە بۆچی ئەم ڕیفراندۆمە كرا؟بۆچی سڕ كرا؟”.
ئاشكراشیكرد،” خەڵكی ئێمە زۆر ئاگای لەم مەسەلەیە نییە كە دەسەڵاتی كوردیی خۆی واژووی لەسەر بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی كردووە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆمەكە”.
بە وتەی مەسعود عەبدولخالق،”خودی مەسعود بارزانی و پارتی بەرپرسیاری یەكەمی ئەو ڕووداوانەن كە باسی دەوڵەتیان دەكرد، و دیزاینی پارە دروستكردنیان ڕاگەیاند، بەڵام دوای ڕیفراندۆم ئەو باسەیان هەر نەما، بەڵام لە پرسی 16ی ئۆكتۆبەر هەردوو پارتی و یەكێتی ڕەزامەند بوون و لەگەڵ لایەنی عێراقی ڕێكەوتنیان كردبوو”.