رەوتی سەدر رەخنە لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق دەگرێت و لەبارەی بەشداریكردنیشەوە پەیامێك ئاراستەی لایەنگرانی دەكات.
ساڵح محەمەد عێراقی، سەركردەی رەوتی سەدر پەیامێكی لە تویتەر بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێكهێنانی حكومەتی هاوپەیمانیی “شوێنكەوتەی میلیشیایی” نەبووە و نابێتە وەڵامدەرەوەی خواستەكانی گەل.
هەروەك بە روونی بەشداری هەركام لە شوێنكەوتووانی ڕەوتی سەدر لەوانەی لە حكومەتەكانی پێشوو و ئێستا، یان لە دەرەوەیدان، ئەوانەی پێشتر لێیان جیابووەتەوە یان جیادەبێتەوە لە ناوەوەی عێراق و دەرەوەیدا لە حكومەتی نوێدا رەتدەكاتەوە.
ساڵح محەمەد عێراقی دووپاتیشیكردەوە، هەر یەكێك بەشداری لە وەزارەتەكانی كابینەی نوێدا دەكات بەهیچ جۆرێك نوێنەرایەتییان ناكات، راستەوخۆش بە دەركراو لە رەوتی سەدر دادەنرێت.
— وزير القائد – صالح محمد العراقي (@salih_m_iraqi) October 15, 2022
رۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێكی ئاسایی خۆیدا عەبدوللـەتیف رەشید-ی بە سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژارد، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنیشی سەرۆك كۆمار محەمەد شیاع سودانی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپارد.
كاندیدی سەرۆك وەزیران ماوەی مانگێكی لە بەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی و پێشكەشكردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی پەسەندكردنی.