بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵمەتێكی نیشتمانیی گەورەی نەمام چاندن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەرپرسێكی دارستان و پاوان دەڵێت، لە ئامادەكارییدان بۆ هەڵمەتەكە و لەمساڵدا زیاتر لە 800 هەزار نەمامیان بەرهەمهێناوە.
هاوكار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هەڵمەتی (پەرژین بكە بە درەخت)ی راگەیاند، لەو چێوەیەدا بڕیاردرا لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا هەڵمەتی نیشتمانیی نەمام چاندن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان رابگەیەنرێت.
وتیشی، “لەمیانەی هەڵمەتەكەدا جوتیاران یان ئەوانەی خاوەن باخن، چەند نەمامێكی دارستانیان دەدرێتێ بۆ ئەوەی لەپاڵ باخەكەی خۆیاندا، بیكەن بە پەرژین بۆ باخەكانیان. جگە لەوان خوێندنگاكان و شارەوانییەكان و چەند فەرمانگەیەكی دیكە بەبڕی جیاجیا نەمامیان پێدەدرێت”.
پێدانی نەمام بەو شوێنانە بێ بەرامبەر دەبێت، ئەمە یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2019ەوە نەمام بێبەرامبەر بدرێت، لەكاتێكدا نرخی ئاسایی لە نەمامگە حكومییەكاندا لەنێوان (500 بۆ 1250 دینار)ە، وەك ئەوەی هاوكار جەلال ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی وت، بۆ ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 800 هەزار نەمامیان لە پێنج نەمانگەی پارێزگاكە بەرهەمهێناوە.
پێدانی نەمامەكان بە چەند رێوشوێنێك دەبێت و لیژنەیەكی تایبەتی بۆ دروستدەكرێت، لیژنەكە هەڵسەنگاندن بۆ شوێنی چاندنی دەكات، لایەن و شوێنەكانیش دەبێت بەڵێن بدەن خزمەتی دەكەن. بەڕێوەبەری دارستان و پاوان وتی، ساڵی دواتر لیژنەكە سەردانی شوێنەكە دەكەنەوە بۆ بەدواداچوونی نەمامەكان، ئەگەر خزمەت نەكرابوون، قەرەبوو لە كەسەكە وەردەگیرێت و لە داهاتوودا بێبەش دەكرێت لە وەرگرتنی نەمام.
دەربارەی جۆری نەمامە بەرهەمهێنراوەكانیش روونیكردەوە، ئەوانەن كە لەگەڵ ژینگەی كوردستاندا دەگونجێن، بەتایبەت ئەوانەی بەرگەی وشكەساڵی، گەرمای زۆر و ئەو دۆخە دەگرن كە ئێستا بەهۆی كەمبارانییەوە دروستبووە.