ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، وادەی پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2023 بۆ ئێستا ئاشكرادەكات و بەهۆی زۆربوونی داهاتەوە، پێشبینیدەكات دامەزراندن دەستپێبكاتەوە و بودجە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی و خزمەتگوزارییەكان تەرخانبكرێت.
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێشبینییەكانی بۆ ئامادەكردن و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق خستەڕوو و وتی، حكومەتی عێراق هەوڵیدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ئامادەبكات و بینێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەپێی لێكدانەوەی دادگای باڵای فیدراڵی، حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی ناردنی پڕۆژەیاسای نییە، بۆیە بۆ ڕاییكردنی كاروبارەكان، ئەمساڵ پشت بە یاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو بەسترا.
د. نەرمین مەعروف پێشبینیكرد لە ماوەیەكی نزیكدا حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت و وتی، كاری لەپێشینەی حكومەتی نوێ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەبێت و گەر لەم مانگەدا یاخود مانگی داهاتوو حكومەت پێكبهێنرێت، ئەوا دەتوانێت پێش كۆتاییهاتنی ساڵ پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.
لەبارەی ئەو ماوەیەی كە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستییەتی بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایكرد، لە ماوەی یەك بۆ دوو مانگدا ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە پەسەندبكات تەنانەت ئەگەر پێویستی بە گۆڕانكاری و دەوڵەمەندكردنیش بێت.
د. نەرمین دەڵێت، “نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقیدا بەرزكراوەتەوە، بۆیە داهاتی عێراق زیادیكردووە و حكومەت دەتوانێت لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی داهاتوودا خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاوڵاتییان بكات و دەرگای دامەزراندن بكاتەوە و هەلی كار دەستەبەربكات و زەمینەسازی بۆ ئەو مەبەستانە كراوە”.
بەپێی پێشبینییەكانی ئەندامەكەی لیژنەی دارایی، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی داهاتوودا، پارە تەرخاندەكرێت بۆ كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە و فێركردن و بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی و بەبیابانبوون.