پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونكردنەوە لەبارەی گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی داهاتوو دەكات، جەختیشدەكاتەوە كەمكردنەوە و زیادكردنی ژمارەی كورسییەكان لەلایەن پەرلەمانەوە دەبێت و تائێستا پێشنیازی لەو شێوەیە بۆ ئێمە نەكراوە.
جەمال حەوێز پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێشنیازی زیادكردن و كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان نەخراوەتە بەردەم ئێمە، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانە و دواتر لە پەرلەمان یەكلادەكرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەر پێشنیازێك لەبارەی گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بكرێت دەبێت لە پەرلەمانەوە یەكلابكرێـتەوە و ئەوەی باسی لێوەدەكرێت سەبارەت بە زیادكردن و كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان هیچ پێشنیازێكی فەرمی بە ئێمە نەدراوە.