سێ توێژەر خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵی كیمیا دەبەنەوە

براوەكانی خەڵاتی ئەمساڵ

ئەكادیمیای زانستیی شاهانەی سوید پێدانی خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵی كیمیا بە سێ توێژەر كە بریتین لە كارۆلین بیرتۆزی، مۆرتن میلدال و باری شاربلس ڕادەگەیەنێت.

خەڵاتەكە لەپای ئەو دەستكەوتە زانستییەدایە كە لە پەرەپێدانی ئەوەی ناودەبرێت كیمیای كلیك (الكيمياء النقرية- Click chemistry)‏ بەدەستیانهێناوە، لقێكی دیكەی كیمیایە و تاوتوێی ئەو كارلێكانە دەكات كە لە نێو سیستمە زیندووەكاندا ڕوودەدات، بەبێ ڕوودانی دەستێوەردان لە دەرەوە لە پڕۆسەی گۆڕانكارییەكەدا.

هانز ئیلیگرین، ئەمینداری گشتی ئەكادیمیای زانستیی شاهانەی سوید ئەمڕۆ ناوی براوەكانی لە پەیمانگای كارۆلینسكا لە ستۆكهۆڵم-ی پایتەختی سوید ئاشكراكرد.

بەمەش باری شاربلس، زانای كیمیای ئەمریكی (81 ساڵ) دەبێتە پێنجەم كەس دوو خەڵاتی نۆبڵ بەدەستدەهێنێت، لەوەتەی دەست بە پێدانی خەڵاتەكە كراوە.

هەفتەی ڕاگەیاندنی خەڵاتەكانی نۆبڵ ڕۆژی دووشەممە دەستیپێكرد پاش ئەوەی سڤانتی باپۆ خەڵاتی نۆبڵی پزیشكی بردەوە لەپای ئاشكراكردنی نهێنییەكانی ترشی ناوەكیی مرۆڤە سەرەتاییەكان.

ڕۆژی سێشەممەش سێ زانا پێكەوە خەڵاتی نۆبڵی فیزیایان بردەوە كە بریتی بوون لە هەریەك لە ئالان ئەسپیكت-ی فەرەنسی و جۆن كلاوسەر-ی ئەمریكی و ئەنتۆن تسایلینگر-ی نەمسایی.

سبەی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب ئاشكرادەكرێت، بڕیاریشە ڕۆژی هەینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕابگەیەنرێت و خەڵاتی نۆبڵی ئابورییش دەكەوێتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە.

بەهای خەڵاتەكان دەگاتە 10 ملیۆن كرۆنی سویدی (نزیكەی 900 هەزار دۆلار) لە 10ی كانونی یەكەمی داهاتوودا ڕادەستدەكرێت.

پارەكەی لەو وەسێتەوە دابیندەكرێت كە ئەلفرێد نۆبڵ-ی داهێنەری سویدی جێیهێشتووە.

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنە لەبارەی گریزمانەوە بڕیارە قورسەکەی دا

بابەتی دواتر

سبەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share