ڕۆژی جیهانیی مامۆستایانە
یەکێتیی مامۆستایان: تاکە ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی مامۆستایان داخستنی قوتابخانەکانە

ڕێکخراوی یونسکۆی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 5ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان دیاریکردووە، لە جیهاندا ئەم بۆنەیە یاددەکرێتەوە، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان ئێستا زۆرترین بێ ڕێزی بە مامۆستایان دەکرێت.

یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1994 کە ڕێکخراوی یونسکۆ بۆ پەروەردە و خوێندن کە سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە 5ی تشرینی یەکەمی وەک ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان دیاریکرد.

سبەینێ 6ی تشرینی یەکەمیش وەک ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان دەستنیشانکراوە کە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ساڵانە یادی دەکاتەوە.

لەوبارەیەوە مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و داکۆکیکردن لە مافی مامۆستایان لە ڕێکخراوی یەکێتیی مامۆستایان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بێڕێزییەکی زۆر بە مامۆستایان دەکرێت، هیچ شکۆیەک بۆ مامۆستا نەهێڵدراوەتەوە، چ لە ڕووی ماددی و چ مەعنەوی بێڕێزی بە مامۆستا و پیشەی مامۆستایی دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، کە مامۆستایانی عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان مافەکانیان زۆر پارێزراوە، ئەوان سەرەڕای مووچەی تەواو و ڕێک و پێک پارێزبەندییان هەیە و بە یاسا ڕێکخراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیچ مافێکی مامۆستا پارێزراو نییە، لەلایەن خوێندکارەوە بێڕێزیی پێدەکرێت، لەلایەن حکومەت و تەنانەت ئیدارەی خوێندنگەکانەوە بێڕێزییان پێدەکرێت.

وتیشی، “ئێمە پێشنیازێکمان داوەتە پەرلەمان بۆ پارێزبەندیی مامۆستایان بەڵام پەرلەمان پێشنیازەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش داویانەتە وەزارەتی پەروەردە بەبێئەوەی هیچ لەو پێشنیازە بکرێت، لەکاتێکدا مامۆستایانی عێراق بە یاسا پارێزبەندییان هەیە”.

باسی لە نەبوونی ئیمتیازات و بیمەی تەندروستی کرد بۆ مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا لە عێراق ئەوانە سەرجەمیان هەن، جەختیکردەوە، “بۆ ئەوەی مافەکانی مامۆستایان بەدەستبهێنرێت تاکە چارەسەر ئەوەیە کە قوتابخانەکان دابخرێن”.

باسی لەوەشکرد، کە جیاوازیی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقدا لە هەموو ڕوویەکەوە زۆرە، لە مووچە و پارێزراوی و تەنانەت لە خانەنشینیدا مامۆستایانی خانەنشینی عێراق 500 هەزار دیناریان لە هەرێمی کوردستان زیاترە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 150 هەزار خوێندکار هەن، لەو ژمارەیە 30 هەزاریان مامۆستای وانەبێژن.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی ماددەی (9) ی چاکسازی دەدات

بابەتی دواتر

ئۆتۆمبێلێکی کارمەندانی تەندروستیی لەیلان وەرگەڕا و قوربانی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share