بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بەغداد لە دۆخێکی ئەمنیی تونددایە

درەنگانی شەوی ڕابردوو سەرجەم دەروازەکانی بەغداد داخران، بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان ئێستا بەغداد لە قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەییدایە و هێزێکی زۆری ئەمنیش بڵاوەیان پێکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، بەربەستە کۆنکرێتییەکان لەسەر پردەکانی جمهوری و سینەک و ئەحرار دانراون بەسێ شێواز، بەشێکیان لە سەرەتای پردەکان و بەشێکیان لە ناوەڕاست و کۆتایی پردەکان.

لەگەڵ داخستنی بەشێکی ڕێگا و شەقامە سەرەکییەکانی بەغداد هێزێکی ئەمنیی زۆر لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری جێگیرکراون، وەک لە میدیا عێراقییەکاندا باس دەکرێت، نزیکەی 70%ی شەقامەکان داخراون.

ئەوەی لە بەغداد دەگوزەرێت جگە لە ڕێکاری ئەمنیی توند، هاتن و چوون لە مەدینە سەدر کە شوێنی لایەنگرانی سەدرە و زیاتر لە چوار ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە مەرجدارکراوە، ئەوەش لەبەر ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئاڵۆزی و ئاراستەکردنی تشرینییەکان لەلایەن سەدر و لایەنگرانییەوە.

لە شەوی ڕابردووەوە بەغداد پلانێکی ئەمنیی توندی تێدا جێبەجێدەکرێت، ڕێگا سەرەکییەکان داخراون، پردەکان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخراون و هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە، ئەوەش وەک ئامادەکاریی ئەمنییە بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی بدرێت.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پەرلەمانتارانی سەدر و بزوتنەوەی ئیمتیداد ئامادە نابن، ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەش کە سەربەخۆن ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنەکە ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

سەمای تاعوون سەمای مەرگ

بابەتی دواتر

سكالۆنی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەرجەنتین درێژكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share