لوبنان.. حزبوڵا و هاوپەیمانەكانی زۆرینەیان لەدەستدا

هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان ڕۆژی یەكشەممە 15ی ئایار ئەنجامدرا

ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی یەكشەممەی لوبنان دەریدەخات حزبوڵا و هاوپەیمانەكانی زۆرینەی پەرلەمانیان لەدەستداوە، هەڵبژاردنەكە سەركەوتنی 13 كاندیدی سەربەخۆی لێكەوتەوە.

بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی ئەمڕۆ بەسام مولوی وەزیری ناوخۆی لوبنان بڵاویكردەوە، حزبوڵا و لایەنە هاوپەیمانەكانی كە پێشتر نزیكەی 70 كورسییان لە كۆی 128 كورسیی پەرلەمانیان لەدەستدابوو، زۆرینەی پەرلەمانییان لەدەستداوە. بەپێی هەندێك لە ئامارەكان ژمارەكەیان بۆ 65 كورسی یان كەمتر دادەبەزێت.

لە بەرامبەردا لیستی بەرهەڵسكاران كە دەرئەنجامی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكانی بەر لە دوو ساڵی وڵاتەكەن، لانیكەم 13 كورسیی پەرلەمانی داهاتوویان هەیە.

12 لەو براوانە كەسانی نوێن و پێشتر هیچ پۆستێكی سیاسییان نەبووە، لە وڵاتێكدا كە سیستمە سیاسییەكەی لەسەر بەشبەشێنەی تایفی بونیادنراوە. ئەوان دەتوانن لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیكەی جیابووەوە لە پارتە كلاسیكییەكان دەتوانن فراكسیۆنێكی یەكگرتوو پێكبهێنن.

حزبوڵا، دیارترین هێزی سیاسی و سەربازی لوبنانە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت.

ئەنجامەكان نیشانیدەدەن پەرلەمانی داهاتوو كێبڕكێكارانە دەبێت و هیچكام لە لایەنەكان ناتوانن زۆرینە بەدەستبهێنن، ئەمەش دابەشبوونی زیاتر دەهێنێتەئاراوە، وەك ئەوەی شارەزایان ئاماژەی پێدەدەن.

حزبوڵا و ئەمەل-ی هاوپەیمانی، ئەو بزوتنەوە شیعیەی نەبیهـ بڕی سەرۆك پەرلەمانی ماوەتەواوبوو سەرۆكایەتیی دەكات سەرجەم كورسییەكانی تایبەت بە تایفەی شیعە (27 كوسی)یان لە وڵات بردووەتەوە، بەڵام هاوپەیمانەكانی دیكەیان كورسییان لە بازنەكانی دیكە لەدەستداوە.

هەڵبژاردنەكە لە ناوەندی ئەو هەرەسهێنانە ئابورییەدایە كە بانكی نێودەوڵەتی لەنێوان دژوارترینی جیهان لە ساڵی 1850ەوە ناویبردووە. بەهۆیەوە زیاتر لە 80%ی دانیشتووان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، لیرەی لوبنانی زیاتر لە 90%ی بەهاكەی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە و هەژاری لە 30% نزیك بووەتەوە.

هەروەك پاش نزیكەی دوو ساڵ دێت بەسەر تەقینەوەكەی 4ی ئابی 2020 كە بەشێكی گەورەی بەیروت-ی وێرانكرد و بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 200 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 6500ی دیكە.

بابەتی پێشتر

لیرە زیاتر دابەزی

بابەتی دواتر

پارێزگاری سلێمانی مووچەخۆران دڵنیادەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share