ئامادەكاری بۆ هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر دەكرێت و وتەبێژی هاتوچۆی شارەكە دەڵێت، بۆ زانینی چڕیی ئۆتۆمبێل لە شەقامەكاندا داوایانكردووە پشت بە كامێرا ببەسترێت.
ماوەی چەند ڕۆژێكە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ئامادەكاری بۆ هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر دەكەن، هەمواركردنەكە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە كاری لەسەر دەكرێت و لەو ماوەیەدا چەند هەنگاوێك گیراونەتەبەر، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە چۆنیەتی فراوانكردنی شار و زیادكردنی شەقامەكانەوە هەیە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی ئۆتۆمبێل لە شەقامە سەرەكییەكان و شەقامەكانی دەروازەی شار، پێشنیاریان كردووە جۆرێك لە كامێرا دابنرێت كە ئیشی بەس ژماردن بێت.
وتیشی، “پلانەكە لە تاوتوێكردندایە و هێشتا ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە كە سەرژمێرییەكە لەڕێی كامێراوە بێت یان بە سەرچاوەی مرۆیی”.
فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەشكرد، ئیشی كامێراكان زانینی چڕیی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە لەو شەقامانەی كامێراكانی تیادادەنرێت، تا بزانرێت لە كاتژمێرێكدا چەند ئۆتۆمبێلی پیادادەڕوات.
باسی لەوەشكرد، هەر لەڕێی كامێراكەوە دەتوانرێت بزانرێت لەو ماوەیەدا چەند ئۆتۆمبێلی تەكسی یان تایبەت بە شەقامەكەدا دەڕۆن، ئەمەش دەبێتە زانیاریی ورد و دەتوانرێت لەسەر بنەمای ناوەرۆكەكەی لە ئایندەدا پلانداڕێژی و نەخشەسازی بكرێت.