بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە هەشت مانگی ڕابردوودا نزیكەی 400 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون و جەختیشدەكاتەوە لەناو سلێمانیدا هیچ جۆرێكی ماددەی هۆشبەر بەرهەمناهێندرێت.
مەریوان مەلا عەلی، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە ئاسایشی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا بڕی 400 بۆ 500 كیلۆ حەشیش و كریستاڵ دەستیبەسەردا گیراوە كە بازرگانیان پێوەكراوە و لە جۆرەكانی حەشیش و كریستاڵ كە بەنیازبوون بیگوازنەوە بۆ وڵاتانی دیكە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەناو شاری سلێمانیدا هیچ جۆرێكی ماددەی هۆشبەر بەرهەمناهێندرێت و تەنها لە وڵاتانی دەوروبەرەوە دەهێندرێتە سلێمانی و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیكە.