عەممار حەکیم ڕایگەیاند، جگە لە دیالۆگ و گفتوگۆ هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی لە عێراق، هیوادارین محەمەد حەلبووسی پێش وادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی پاشگەزببێتەوە.
عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارەمین دیداری ڕافیدەین ڕایگەیاند، “مستەفا کازمی سەرکەوتوو بووە لە هێورکردنەوەی شەقامی عێراقی و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەمانە خاڵی ئیجابی حکومەتەکەین”.
باسی لەوەشکرد، ” ڕەوتی سەدر هاوبەشی سەرەکی پرۆسەی سیاسییە، چێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر بوونیان، لە کاتی ڕادەستکردنی دەستلەکاركێشانەوەی ئەندامەکانیان لەپەرلەمان هەوڵی زۆریان دا بۆ گەڕاندنەوەیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هیچ دیالۆگێکی ڕاستەوخۆ لەنێوان چێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر ڕووینەداوە بۆ زانینی هەڵوێستی فەرمی ڕەوتی سەدر”.
ئاشکراشیکرد،” زۆرینەی لایەنەکانی ناو چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەخەتدا نین، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕەوتی سەدرەوە تاووتوێی ئەو پرسەیان کردووە”.
داوایشیکرد، ” محەمەد حەلبووسی پێش وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەستلەکارکێشانەوەکەی پاشگەزبێتەوە و بیکشێنێتەوە، چونکە بەبێ دروستبوونی دیالۆگێکی نیشتیمانی ڕاستەقینە مەحاڵە کێشەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق چارەسەر ببێت”.