وەزارەتی ئەوقاف: لە هەندێک شوێن وتنەوەی قورئان و وانەی ئایینی بۆ مەبەستی تایبەتی بەکارهێنراوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لەبارەی بۆنە ئایینیەکان و وانە و خولەکانی وتنەوەی قورئان و فەرموودەکانەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاندووە، پاڵپشتیی ئەو بۆنە و خولانە دەکەن بەڵام لە هەندێک شوێنی نافەرمی بۆ مەبەستی تایبەتی بەکارهێنراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئەوقافدا هاتووە، “بۆ ھەرچالاکییەکی ئایینی وەزارەت پێویستە ( ڕەزامەندی بدرێت) ئەمە بەواتایی ئەوەی ئەم خولانەی دەکرێنەوە بەشێوەی کرداری سەلمێنەربێت کە خزمەتە بە پەروەردەی ئایینی و خەڵکانی شارەزا و ئەکادیمی وانەکان دەڵێنەوە”.

ئاماژە بەوەکراوە، “لە ماوەی ڕابردوودا لە ھەندێک شوێن و ماڵان  و جێگەی نافەرمی  کەسی نەشارەزا لە ژێر وتنەوەی قورئانی پیرۆز و وانەی ئایینی ئەم بابەتە پیرۆزەیان بۆ مەبەستی کەسی و سیاسی بەکارهێناوە”.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی یاسایی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی دەربارەی نوسراوێکی وەزارەتمان

یەکەم؛ وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی بەپێی یاسای ژمارە یازدەی ساڵی ٢٠٠٧ بەرپرسە لە چالاکییە ئاینییەکان بەشێوەیەکی گشتی لەھەرێمی کوردستان، لەھەمانکاتدا لەدیوانی وەزارەت بەشێکی تایبەت بە فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز ھەیە،  کە تیایدا زیاتر لە ١٠٠ بنکە لەشاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بونیان هەیە و هەروەها ١٣٦ حوجرەو ٢١ قوتابخانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە بەرێوەبەریەتی خوێندن مۆلەت پێدراون، ئەمە وێرای کردنەوەی (٥٢٥) خولی فێربوونی قورئانی پیرۆز و ھەروەھا کردنەوەی خولی پەرەپێدان بۆ  (٣٠٠٠) مامۆستایای بەرێزی ئایینی لەپارێزگاکانی ھەرێم و ئیدارە سەربەخۆکان لە ساڵی ٢٠٢٢ ، ئەمانە بەھەموو پشتیوانیەکی وەزارەت کارەکانیان بەرێوەودەبەن و خاوەنی ھەزاران دەرچوون .

دووەم؛ لەنوسراوەکەدا بەڕوونی ئاماژەدراوە کە بۆ ھەرچالاکیەکی ئایینی وەزارەت پێویستە ( ڕەزامەندی بدرێت) ئەمە بەواتایی ئەوەی دێ ئەم خولانەی دەکرێنەوە بەشێوەی کرداری سەلمێنەربێت کە خزمەتە بەپەروەردەی ئایینی و خەڵکانی شارەزاو ئەکادیمی وانەکان دەڵێنەوە، چونکە خوێندنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایینەکانی دیکە ئەمانەتێکی گەورەیە لە ئەستووی وەزاروتمان وەک لایەنی رێپێدراوی یاسایی.

سێیەم، ئەم نوسراوە پەیوەندی بەچالاکی ئەو رێکخراوانە نییە کەلەچوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان و  بەپێی رێنماییەکان مۆڵەتی کارکردنیان  ھەیە.

چوارەم ؛ لە ماوەی رابردوو لە ھەندێ شوێن و ماڵان  و جێگەی نافەرمی  کەسی نەشارەزا لە ژێر گوتنەوەی قورئانی پیرۆزو وانەی ئایینی ئەم بابەتە پیرۆزەیان بۆ مەبەستی کەسی و سیاسی بەکار ھێناوە، ئەمەش بەرپرسیاریەتی وەزارەتمانە وەک لایەنی پەیوەندیدار کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی  ئەم بابەتە  بەشێوەیەکی یاسایی و شەرعی رێکبخەین .

پێنجەم ؛ وەزارەتی ئەوقاف کاروباری ئایینی ھەمیشە ھانی ھەموو جۆرە خزمەتێکی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەدات،لەچوار چێوەی یاسا کارپێکراوەکاندا، ھەوڵیشی داوە سفرەیەکی کوردستانی بێ بۆ کۆکردنەوەی ھەمووان ھەماھەنگی نێوان چالاکییەکان لەپێناو خزمەتێکی باشتر بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نەتەوەکەمان

بابەتی پێشتر

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی: لە هەموو ڕوویەكەوە ئامادەین بۆ ئەمساڵی خوێندن

بابەتی دواتر

کەسێک دەستگیرکرا لەڕێگەی 11 پەڕەی فەیسبوکەوە بە فێڵ پارەی لە بەرپرسان وەرگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share