پەروەردە ڕوونکردنەوە دەدات.. کەوتنەخوارەوەی پانكە لە قوتابخانەیەكی هەولێر دوو خوێندكار بریندار دەكات

كەوتنەخوارەوەی پانكە لە قوتابخانەیەكی شاری هەولێر برینداربوونی دوو خوێندكاری لێدەكەوێتەوە.

پەیامنێرمان لە هەولێر پێیڕاگەیاندین، ڕووداوەكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قوتابخانەی سەركەش لە گەڕەكی باداوەی هەولێر ڕوویداوە و بەهۆیەوە دوو خوێندكار برینداربوون.

وتیشی، “خوێندكارەكان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتن كراون بەمەبەستی چارەسەركردن”.

هاوکات هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ناوەندی ھەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، “ئەمڕۆ یەکشەممە  لە کاتی دەوامی ئاسایی خوێندکاران لە خوێندنگەی سەرکەشی بنەڕەتی تێکەڵاو پانکەیەک لە ئەڵقی سەقفی پچڕاوە و بەربووەتەوە سەر تەختەی دانیشتنی خوێندکارەکان و لە ئاکامدا دوو خوێندکارا زامداربوون و دەستبەجێ لە لایەن دەستەی کارگێریی قوتابخانە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و کاری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە و خۆشبەختانە تەندروستییان باشە “.

ئاشکراشیکردوە، “لە کاتێکدا کارگێڕیی خوێندنگەکە لە پشووی ھاوین نۆژەنکردنەوەی بۆ تەواوی پێداویستییەکانی قوتابخانە بە تایبەتی لە ڕووی کارەبا ئەنجامداوە، دوای ڕووداوەکەش بە فەرمانی وەزیری پەروەردە لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ ھۆکاری ڕووداوەکە پێکھێنراوە”.

ڕووداوەكە دووەمی لەوجۆرەیە لەوەتەی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، پاش ئەوەی دوێنێ مامۆستای خوێندنگەیەكی قەزای بازیان وێنەی كچەكەی بڵاوكردەوە و نووسیبووی، كچەكەم لە پۆلی دووە و لەبەر نەبوونی هیچ ئامێرێكی فێنككەرەوە لە خوێندنگەكەی نیوكاتژمێر خوێن لە لووتی ڕۆیشتووە، وەزیری پەروەردەش لەسەر كێشەكە هاتە دەنگ و دەڵێت، دەركەوت سویچپلاكی پانكەكانی پۆلەكانیان چاكنەكردووە و هۆكاری خوێنبەربوونی لووتی كچە خوێندكارەكە بووە.

ئەمڕۆش لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک قوتابخانە هەن کە مەترسیی ڕووخان یان ڕووداوی نەخوازراویان لەسەرە، بۆیە لە وەزارەتەوە نووسراویان بۆ سەرجەم پەروەردەکان کردووە نابێت دەوامیان تێدا بکرێت.

جەختیکردەوە، هەر قوتابخانەیەک هەر رووداوێکی نەخوازراوی بەهۆی کۆنییەوە تێدا ڕووبدات پەروەردەکان لێی بەرپرسیار دەبن، وتی، کە ئامادەن خوێندنگەیەکیان لە دوو دەوامییەوە بکرێت بە سێ دەوامی بەڵام لە قوتابخانەیەک دەوام نەکرێت کە مەترسیی لەسەرە.

 

بابەتی پێشتر

گرنگترین یارییەكانی ئەمڕۆ بزانە

بابەتی دواتر

بوومەلەرزەیەک لە سلێمانی ڕوویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share