وتەبێژی یەکێتی رایدەگەیەنێت، بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حکومەتێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان پێکنایەت، هەر حکومەتێکیش پێکبێت شکستدەهێنێت.
پاش ئەوەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە، پاش کۆبوونەوەکە کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژانامەوانیدا رایگەیاند، سوپاسی هاولاتییان دەکەین بۆ ئەو متمانەیەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە یەکێتیان بەخشی، هەروەها یەکێتی پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت بەرامبەر هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەکردنی تەواوی کێشەکان لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن بەکاردەهێنێت، چونکە بەغداد قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستانە.
باسی لەوەشکرد، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە، لەناو کوردیشدا پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆ ئەو پۆستەش یەکیتی کاندیدی دەبێت.
وتیشی، یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، چونکە یەكێتی لەدوو هەڵبژاردن دەنگ و كورسییەكانی زیادیكردووە، بەڵام لایەنەکانی دیکە دەنگ و کورسیان کەمیکردووە.