وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پاڵپشتی لە هەنگاوە چاكسازییەكانی قوباد تاڵەبانی دەكەین، جەختیشدەكاتەوە بە ئەلیكترۆنیكردنی مووچە بۆ خانەنشینان دەستپێدەكات كە پێویستی بە سیستمی بانكە و دواتر بۆ فەرمانبەرانیش جێبەجێدەكرێن.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕِایگەیاند، “پشتیوانی لە كاری وەبەرهێنەران دەكەین و دەمانەوێت وەبەرهێنان لەسەرجەم سێكتەرەكاندا بكرێن و هەموو ئەو هەنگاوانەش كاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوریی هەرێمی كوردستان دەبێت”.
وتەبێژی حكومەت جەختیكردەوە، پاڵپشتی لە هەنگاوە چاكسازییەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەكەین و وتیشی، “ئەو قسانەی لەبارەی دیارنەمانی 22 ملیار دینارەوە دەكرێت هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە و ئێمە داهات و خەرجییەكانمان بە داتا بڵاوكردەوە”.
بۆ وەڵامی پرسیاری یەكێك لە ڕۆژنامەنووسانیش، جوتیار عادل ڕایگەیاند، “هەرێمی كوردستان یەك ئیدارە نەك دوو ئیدارەیی و ئەوەی باسیش دەكرێت هیچ بنەمایەكی نییە”.