ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی پاراستنی چینی ئۆزۆن-ە

چینی ئۆزۆن قەڵغانێکی تەنكی گازە کە زەوی لە بەشە زیانبەخشەکەی تیشکی خۆر دەپارێزێت، یارمەتیی بەردەوامبوونی ژیان لەسەر هەسارەکە دەدات.

ئەو چینە گرنگییەكی زۆری بۆ ژیانی مرۆڤایەتی هەیە، ئەوەش وای لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە ڕۆژێكی تایبەت بۆ پاراستنی دیاری بكات.

چینەكە لە گازی (O3) پێكهاتووە و ڕەنگێكی شینی ڕوونی هەیە و لە ناوچەی ستراتۆسفیری بەرگە هەوادایە، ئەستورییەكەی لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە و بەپێی كات و وەرزەكان دەگۆرێت.

ئۆزۆن ساڵی 1913 لەلایەن چارلز فابری و هێنری بیوسنەوە دۆزراوەتەوە، دواتریش گۆردن دۆبسن ئامێری تایبەتی بە پێوانەی چینەكە دروستكردووە و زانیاری نوێی لەبارەیەوە ئاشكراكردووە.

دەرکەوتووە ژمارەیەک ماددەی کیمیایی کە بەشێوەیەکی باو بەکاردەهێنرێن زیانێکی زۆر بە چینی ئۆزۆنەکە دەگەیەنن. هالۆکاربۆنەکان ئەو ماددە کیمیاییانەن کە تێیدا یەک یان زیاتر لە ئەتۆمی کاربۆن بە یەک یان چەند ئەتۆمی هالۆجین (فلۆرین، کلۆر، برۆمین یان یۆد) دەبەسترێتەوە. بەگشتی ئەو هالۆکاربۆنانەی کە برۆمیان تێدایە کەمبوونەوەی ئۆزۆنیان زۆر زیاترە لە چاو ئەوانەی کلۆریان تێدایە. ئەو ماددە کیمیاییانەی کە مرۆڤ دروستیکردوون کە زۆربەی کلۆر و برۆمین بۆ کەمبوونەوەی ئۆزۆن لەخۆدەگرن بریتین لە میتیل برۆمید، میتیل کلۆرۆفۆرم، تێتراکلۆرایدی کاربۆن و خێزانەکانی ماددە کیمیاییەکان کە بە هالۆن و CFC و HCFC ناسراون.

بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لە 100 مادەی كیمیایی، كە لە كارگە و ئۆتۆمبێلەكان دەردەچن كاریگەریی خراپیان لەسەر ئەم چینە هەیە و دەبنە هۆی لاوازكردنی، هەروەها كەمبوونەوەی ئاستی سەوزایی شاخەكان بەشدارە لە لاوازبوونی چینەكە.

گرنگی ئەم چینە لەوەدایە كە شەپۆلەكانی تیشكی سەروو وەنەوشەیی خۆر (UV) هەڵدەمژێت و ناهێڵێت بگاتە سەر زەوی، بەوەش پارێزگاری لە مرۆڤ و گیانەوەرەكانی دیكەی سەر زەوی دەكات، بەتایبەت لە ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی پێست كە تیشكی سەروو وەنەوشەیی هۆكارێكی سەرەكی توشبوونە بەو نەخۆشییە.

گرنگییەكەی وای لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد لە ساڵی 1994دا بڕیاربدات، 16ی ئەیلولی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانی پاراستنی چینی ئۆزۆن دیاریبكات، ئەوەش وەك یادكردنەوەیەك بۆ ئەو ڕێكەوتننامەیەی لە ساڵی 1985دا لە شاری مۆنتریاڵی كەنەدا بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن واژووكرا و تائێستا زیاتر لە 190 وڵاتی جیهان پابەندبونی خۆیان بەو ڕێكەوتننامەیەوە ڕاگەیاندووە.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، پاراستنی چینی ئۆزۆن پێویستی بە كاركردنی سەرجەم وڵاتانی جیهانە بە یەكەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە زیادبوونی ڕێژەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوە ئەستووریی چینەكە، هەروەها چەندین كێشەی دیكەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت گۆڕانكاری لە كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و توانەوەی سەهۆڵی بەستەڵەكەكان، ئەمە جگە لەوەی زیادبوونی ڕێژەی كارگەكان و ئۆتۆمبێل و بەكارهێنانی سوتەمەنی و چەندین هۆكاری دیكەش بەهەمان شێوە كاریگەریان لەسەر زیانگەیاندن بە چینەكە هەیە.

بەگوێرەی ئامارێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە 12 تاوەکو 15 ملیۆن كەس بەهۆی لاوازیی ئەم چینەوە زیانی تەندروستییان پێدەگات.

بابەتی پێشتر

تایسن: لە مردن نزیکبوومەتەوە

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: هەنگاونان بۆ پێكهێنانی حكومەت بە ڕێككەوتن و سازان یەكلابووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەسرە گەرمترین شاری جیهانە

پارێزگای بەسرە ئەمڕۆ یەکشەممە نیوەی پلەی کوڵانی تێپەڕاند، بەوەش بووبە گەرمترین شاری جیهان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا.…
Total
0
Share