بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانی ئاووهەوا و هەڵسوكەوتە نازانستییەكان لەگەڵ ئاوی ژێر زەوی، لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئاستی ئەو سامانەی بەشێوەیەكی زۆر خێرا دابەزاندووە.
ئەو ئاوەی لە نێوان دەنکۆڵەکان و درز و کەلێنی خاک و چینە بەردەکانی ڕووی زەویدا کۆدەبێتەوە ئاوی ژێر زەوی پێکدەهێنێت، کە سەرچاوەکەی ئاوی باران و چەم و ڕووبار و دەریاچەکانە و بەشێکی ڕۆدەچێتە ژێر زەوی و حەوزە ئاوییەكان پێكدەهێنن.
هەرکات چینە ئاوهەڵگرەکانی ژێرزەوی پاراوبوونەوە، سەرڕێژدەکەن و لە شێوەی کانی و چەم دێنەوە سەر زەوی و ئاوی سەر زەوی لێپێکدێت، ئەمەش پێیدەوترێت سووڕی ئاو (Water Cycle)، بەڵام دەستێوەردانی مرۆڤ هەندێكجار ئەم سووڕە سروشتییەی تێكداوە.
عەباس عەلی بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئاستی جێگیری ئاوی ژێر زەوی لە سنووری ناوچەكەدا لەنێوان 9.5 بۆ 54 مەتری ژێر زەویدایە ئەگەر دەستكاری نەكرێت، ئەویش بەپێی ناوچەكان دەگۆڕدرێت.
ڕوونیشیكردەوە، ئاستی ئاو لە (سلێمانی “سەرچنار-عەربەت” 10 تا 48 مەتر، بنگرد-سورداش 24 بۆ 58 مەتر، قەڵادزێ 18 بۆ 53، ڕانیە-چوارقورنە 13 بۆ 45، چوارتا-بەرزنجە 25 بۆ 40، خورماڵ-هەڵەبجە 20 بۆ 60، پێنجوێن 7 بۆ 29، بازیان 9 بۆ 96، چەمچەماڵ 33 بۆ 39، سەنگاو 6 بۆ 25 و قەرەداغ 12 بۆ 22 مەتر) دایە.
لە سنوورەكەدا 12 حەزی لاوەكی هەن كە بە وتەی عەباسی عەلی سەرجەمیان لەنێوان ساڵانی 2018 تا 2021 دابەزینی ئاویان تیادروستبووە و ڕوونیكردەوە، لە حەوزی سەرچنار-عەربەت كە دەكاتە ناوشاری سلێمانی دابەزینی ئاو لەنێوان 5 بۆ 5.20 مەتردایە.
ئەوەش وت، “بارانبارین لە سەرەتای ساڵی 2022دا نزیكەی دوو مەتر و 20 سانتیمەتر ئاوی ژێرزەوی بەرزكردەوە، بەڵام لەدوای مانگی نیسانەوە ئەو بڕەش دابەزییەوە خوارەوە”.
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی ڕوونیكردەوە، “دابەزین لە ئاستی ئاوی ژێر زەویدا هەیە، لەم وشكەساڵییەی دوو ساڵی ڕابردووداش زۆر بەخێرایی دادەبەزێت، ئەگەر زوو چارەسەری ئەو حاڵەتە نەكرێت كێشەمان بۆ دروستدەكات”.
سەبارەت بە كاریگەریی بێبارانی و هەڵكەندنی بێشووماری بیری نایاسایی لە ساڵانی ڕابردوودا عەباس عەلی وتی، باران سەرچاوەی یەكەمی پاراوبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییە، جگە لە فاكتەرەكانی دیكەی سەر زەوی، كە باران نەبوو كێشەی پاراوبوونەوەی ئاو دروستدەبێت.
لە ساڵی 1975ەوە هەزار و 100 بیری یاسایی لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری هەڵكەندراون، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی ڕوونیكردەوە، هەڵكەندی بیر ئەگەر بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بێت شێوازێكی زانستی وەردەگرێت، كە دووریی بیرەكان و قوڵایی و شوێنەكەی بەپێی حەوزە ئاوییەكان و بەپێی پێداویستیی خەڵك دیاریدەكات، كاریگەرییان نابێت لەسەر دابەزینی ئاستی ئاو.
وتی، “بەڵام بیری نایاسایی لەبەرئەوەی نایاساییە، شوێنی پاراوبوونەوە ئەگرێتەوە، ڕێژەی دەرهێنانی چاودێری لەسەر نییە، باڵانس لەنێوان پاراوبوونەوە و دەرهێنانەوە تێكدەدات، ئەمیان كاریگەری لەسەر ئاستی ژێر زەوی دەبێت”.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا كە خۆشبەختانە لە ساڵی 2016ەوە هەڵكەندنی ئەو جۆرە بیرانە بەڕێژەی 40 تا 45% كەمیكردووە.
سەرەڕای بیری نایاسایی چەندین مەترسیی دیكە لەسەر ئاوی ژێر زەوی هەن، بەپێی وتەی بەرپرسی بوارەكە، یەكەمیان گۆڕانكاریی ئاووهەوایە كە ئێستا هەموو دنیای گرتووەتەوە و وایكردووە عێراقیش كەوتووەتە پلەبەندی ئەو وڵاتانەی تووشی بە بیابانبوون دەبێت و لە سایەی گۆڕانی ئاووهەودا و ڕێژەی بارانبارین تیایدا كەمبووەتەوە.
هەروەها پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی یەكێكی دیكەیە لە مەترسییەكان بەهۆی هەندێك لە چالاكییە مرۆییەكان، بەتایبەت لەناو شارەكان و ئەوانەی زۆر نزیكن لە سەرچاوە ئاوییەكانەوە.
ئەگەرچی ڕێژەی 71%ی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە، بەڵام 97%ی ئەو بڕە ئاوی سوێری زەریا و دەریاکانە و تەنها 3%ی ئاوی شیرین و سازگارە.
لەو ڕێژەیەش 2%ی بەستەڵەکی جەمسەرەکانە، بەمەش تەنها 1%ی هەسارەی زەوی ئاوی سازگاری بەردەستە و لەو بڕەش 4%ی ئاوی سەر زەوییە و 96%ی ئاوی ژێر زەوییە، ئەمەش گرنگیی ئەو سامانەی ژێر زەوی نیشاندەدات.
بۆ ئەوەی مەترسییەكانی ئاو كەمبكرێتەوە پێویستە هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ئەو سامانە بگیرێتەبەر، سەبارەت بەوەی چی بكرێت بۆ پاراستنی بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی وتی، “یەكەم یاسای پاراستنی ئاو دەربچێت، خۆشبەختانە دەرچووە، بەڵام هێشتا كەموكوڕیی زۆری تیایە، دووەم بەداهات كردنی ئاوی ژێرزەوی، بۆ ئەوەی خەڵك نەتوانێت زیادەڕەوی بكاتەسەری”.
ئەوەشی وت، “نەهێشتنی زیادەڕەوی و نەهێشتنی بیری نایاسایی و ڕێگریلێكردنی، هەروەها پاراوكردنەوەی ئاوی ژێر زەوی لەڕێی دروێنەی ئاو، یان نەهێشتنی بیر لە شوێنی پاراوبوونەوە، ئیدارەكانمان لەگەڵ دۆخی ئێستای خزمەتگوزاری خەڵك ڕێكبخەینەوە، لە كۆتاییشدا گرنگی بدرێت بە لایەنی زانستی و توێژینەوەكانی تایبەت بە ئاوی ژێر زەوی”.