قوباد تاڵەبانی كۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ بەڕێوەبەرەكانی سلێمانی ئەنجامدەدات

پاش تێپەڕبوونی وادەی ئەو هەفتەیەی بۆ ڕاییكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی دیاریكردبوو، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ كۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ بەڕێوەبەرەكانی سلێمانی ئەنجامدەدات.

كاتژمێر 10ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانی و ئەنجومەنی شارەوانی ئەنجامدەدات.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕاپۆرتی خۆمان لەبارەی ئیشوكارەكانی هەفتەی ڕابردوو ئامادەكردووە و لە كۆبوونەوەكەدا دەیخەینەڕوو.

یەكشەممەی ڕابردوو 4ی ئەیلول قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی یەكەمیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی فەرمانیدا لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا 55 پڕۆژەی وەبەرهێنان بكەوێتەكار و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كارئاسانییان بۆ بكەن.

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سستی بەڕێوەچوونی كاروباری وەبەرهێنەران لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی و ڕایگەیاند هاوڵاتییان خۆیان بە دەست كۆمەڵێك كێشە و قەیرانەوە دەناڵێنن، “بۆیە مایەی قبوڵكردن نییە بارگرانی سەرشانی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران زیاتربكەن، وتیشی “ئەو بەڕێوەبەرەی خەمساردی لە كارەكانی دەكات بابچێتەوە ماڵەوە”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ڕێگەنادرێت جووڵەی بازرگانی لە سلێمانی لەوە زیاتر لاواز بكرێت و وەبەرهێنەران ناچاربكرێن سەرمایەكانی خۆیان ببەنە دەرەوە، چونكە بەمە زیانی گەورە بەر سلێمانی كەوتووە و دانیشتووانی شارەكە بە هەزاران هەلی كاریان لە كیس چووە.

ڕاشیگەیاند، “كاتێك پڕۆژەی وەبەرهێنەرێك دێتە بەردەستتان، ئێوە وەك كاغەزێكی سادە سەیری دەكەن، كەچی ژیان و قووتی سەدان كەس بەو كاغەزە سادەوە گرێدراوە و لەوانەیە تەنها بەهۆی كەمتەرخەمی بەڕێوەبەرێكەوە سەدان هەلی كار لە كیس بچێت”.

هۆشداریشیدایە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی كە چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناكات و ڕاشكاوانە ڕایگەیاند، “لێرە بە دواوە هیچ جۆرە خەمساردی و كەمتەرخەمییەك لەهیچ بەڕێوەبەر و بەرپرسێك قبوڵناكرێت و تیمێكی چاودێری پێكهێناوە و خۆی سەرپەرشتی تیمەكە دەكات.

جێگری سەرۆك وەزیران داواشی لێكردن هەر لە دوای كۆبوونەوەكە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان وەك یەك تیم كاربكەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی تەواو لەناو خۆیاندا دروستبكەن تاكو لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا سەرجەم پڕۆژەكان بكەونەوەكار و جەختیكردەوە خۆی ڕاستەوخۆ ئاگاداری پڕۆژەكان دەبێت و لەهیچ كەس و لایەنێك قبوڵناكرێت سەرانە و بەرتیل وەربگرن”.

بابەتی پێشتر

جیهان چاوەڕێی ئۆتۆمبێلی "ئەپڵ" دەکات

بابەتی دواتر

شڤیۆنتێک بۆ یه‌که‌مجار ناسناوی کراوه‌ی ئه‌مریکای به‌ده‌ستهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەبارەی مووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانەوە پێشنیارێك ئاراستەی حكومەت دەكرێت

ژمارەیەك پەرلەمانتار پێشنیازە بڕیاری‌ (پابەندكردنی‌ حكومەت بە ئەرك و پابەندییە داراییەكان)یان پێشكەشی دەستەی‌ سەرۆكایەتیی‌ پەرلەمان كرد. عومەر گوڵپی،…
Total
0
Share