سەباح هەورامی: دەرمانی قاچاغ و ساختە هەن و پزیشکان بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەرمانخانەکان ساغیدەکەنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لە کێشەکانی دەرمان کرد ڕایگەیاند، پارێزگای سلێمانی هەژارترین پارێزگایە لە بودجەی دەرمانەوە، ئێستا لە بازاڕەکاندا دەرمانی قاچاغ و ساختە هەن هەروەها جیاوازیی نرخ هەیە و رێککەوتن هەیە لەنێوان پزیشکان و دەرمانخانەکان بۆ ساغکردنەوەی دەرمان بەسەر نەخۆشدا.

ئەمڕۆ دیداری دەرمانسازان کە یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق دەبەسترێت، لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لەمساڵدا زۆرترین کۆنفرانسە پزیشکییەکان لە سلێمانی بوون.

دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، دەرمان پرسێکی جێ بایەخ و مایەی پرسیاری زۆرە لای هاوڵاتییان، دەرمان لەسەر ئاستی جیهان و عێراق کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی کێشەکە ڕوونتر و زیاترە.

وتی، دەمانەوێت ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی دەرمان بدۆزینەوە چ لە هاوردەکردن و چ لە هاتنە ناوەوەی و چ لە کوالێتیی دەرمان و چ لە فرۆشتن و دەرمانخانەکانیش.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، کە گومانێکی زۆر لە سەرچاوەکانی هێنانی دەرمان هەیە، “نایشارینەوە خۆمان لەوانەین کە گومانمان لە سەرچاوەکانی دەرمان هەیە”.

جەختیکردەوە، بەشێک لەو دەرمانانەی دێنە هەرێمی کوردستان بەشێوەی قاچاخ دەهێنرێن، هەموو دەرمانەکان بە ڕێکاری یاسایی خۆیاندا ناڕۆن لەکاتی هاوردەکردنیاندا.

ڕاشیگەیاند، “ئەو دەرمانانەی دەهێنرێن بەشێکیان بەڕێگەی نازانستی دەگوازرێنەوە، بەشێکیان بە نرخی جیاواز دەفرۆشرێن، بەشێکیان لەو شوێنانە دەفرۆشرێن کە دەرمانسازی لێنییە، بەداخەوە بەشێکی زۆری دەرمان بەهۆی ڕێککەوتنی پزیشکان و دەرمانخانەکانەوە ساغدەکرێنەوە بەسەر نەخۆشدا ئەوەش کارێکی “ناڕەوشتییە”.

دکتۆر سەباح هەورامی وتی، “هیوادارین بڕیار و ڕاسپاردەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە سەرچاوەکانی دەرمان ڕوون و ئاشکرا بن بۆ لایەنی پەیوەندیدار، ڕێگاکانی گواستنەوەی زانستی بن، هەروەها وابکرێت بەهیچ شێوەیەک دەرمان لە سنوورەکان و ڕێگە قاچاغەکانەوە داخڵ نەکرێت، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت ڕێککەوتن لەنێوان پزیشکان و دەرمانخانەکاندا هەبێت بۆئەوەی نرخی دەرمان لەسەر نەخۆش زیادبکرێت”.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، جیاوازییەکی زۆر لە نرخی دەرمان هەیە ئەویش پەیوەندیی بەو ڕێککەوتنانەوە هەیە کە لەنێوان پزیشک و دەرمانخانەکاندا دەکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی پەیوەندیی بەو کێشانەی دەرمانەوە نییە، چ لە هاوردەکردن، داخڵکردن و کوالێتییەکەشی بەڵکو پەیوەندیدارە بە بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، بۆیە پێویستە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بەزووترین کات ئەو کێشانە چارەسەربکاتە.

سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کڕین و خستنەبازاڕی دەرمان بە نرخی گونجاو و کوالێتیی باش، دکتۆر سەباح هەورامی وتی، “ئەو بڕیارە بۆ کڕینی دەرمانە بەشێوەی سێنتراڵ کە ئەنجومەنی وەزیران خۆی دەرمان دەکڕێت نەک بەڕێوەبەرایەتییەکان، هەرچەندە دەبوایە وەزارەتی تەندروستی دەرمانی بکڕیارە چونکە ئەوە پەیوەندیدارە بەو وەزارەتە”.

جەختیکردەوە، “بیرۆکەکە بیرۆکەیەکی باشە و پشتگیریی دەکەین بەمەرجێک نەبێتەهۆی قۆرغکاری و دروستکردنی کێشە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان”.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید نایەوێت ئەنچیلۆتی بڕوات

بابەتی دواتر

میلان گرێبەستی تونالی درێژكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزینی بەخۆوە بینی و 100…
Total
0
Share