پزیشكان سەرسام دەكات.. چیرۆكی ئەو دایكەی بەجارێك حەوت منداڵی بوو

ڕووداوێكی نامۆ ژیانی ژنێكی بەناوی غەزالە تەواو گۆڕی، دوای دووگیانبوونی بە 9 منداڵ بە جارێك، سەرەڕای ئەوەی پزیشكان پێشبینییان كردبوو هەرگیز ناتوانێت جارێكی دیكە دووگیان ببێتەوە.

سەرەتای چیرۆكەكە
غەزالە (40 ساڵ) نیشتەجێی پارێزگای بوحەیرە-یە لە باكووری میسر، هاوسەرەكەی وەك جوتیار بە كرێی ڕۆژانە كاردەكات، پێشتر سێ كچی بووە، بەپێی وتەی پزیشكان دوای ئەو دووگیان نابێتەوە، بۆیە ژیانی لەسەر ئەو ئەگەرە بونیادنا، بەڵام لەپڕێكدا هەستی بە نیشانەكانی دووگیانبوون كرد، دوای ئەوە پزیشكەكە ئەم هەواڵەی پێدا، “لە منداڵدانتدا 9 منداڵ هەن”.

غەزالە دەڵێت، “هەواڵێكی شۆكهێنەر بوو، دنیا لەو كاتەدا لەبەرچاومدا وەستا، نەمدەزانی چی بكەم، چۆن بژێویی ژیانی 12 منداڵ پێكەوە دابین بكەم”.

هەوڵ بۆ لەناوبردنی سكەكەی
وتیشی، “یەكێك لە پزیشكان پێشنیاری دەرزی لێدان لە منداڵەكانی بۆ كردم، تا تەنها دوو یان سیانیان بمێننەوە، بە فیعلی لە مانگی سێیەمی سكەكەمدا چوومە نەخۆشخانە، بەڵام بۆ ئەنجامدانی داوای چوار هەزار جونیەی لێكردم، نەمدەتوانی بیدەم، بۆیە خۆم دایە دەست خوا، سكەكەم وەك خۆی هێشتەوە، دووانیان مردن و حەوتیان مانەوە”.

لە مانگەكانی كۆتایی سكەكەیدا، هاوسەرەكەی دەرزییەكی بە 200 جونەی میسری بۆ كڕی، سەرەڕای دژواریی دۆخی دارایی، بۆ گەورەبوونی سكی، تا منداڵەكان بتوانن لەناویدا بجوڵێن، تا ئەوكاتەی لە هەشت مانگیدا لە نەخۆشخانەیەكی پارێزگای ئەسكەندەرییە لەدایكبوون.

ڕەتكردنی فرۆشتنی منداڵ
“منداڵەكانم بەشێكن لە جەستەم”، ئەمە وەڵامی غەزالە بوو كاتێك خانمێك پێشنیاری كڕینی یەكێك لە كچەكانی بۆ كردبوو لە بەرامبەر پێدانی پارە و شوێنێكی نیشتەجێبوون، بەڵام ڕەتیكردەوە و هەموو خۆتەرخانكردنی بۆ منداڵەكان لە بری فرۆشتنی یەكێكیان هەڵبژارد، هاوسەرەكەشی هەمان هەڵوێستی هەبووە و تەنانەت لەسەر ئەو پێشنیارە لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە بووەتە دەمەقاڵەی و فرۆشتنی كچەكەی لە بەرامبەر پارەدا ڕەتكردووەتەوە.

كاتێك دایك و باوكەكە هەستیان بە نائارامی لەو دۆخە كردووە، لەكاتێكدا لە نەخۆشخانە بوون كاتی لەدایكبوونیان، پەنایان بۆ ئەفسەرێكی پۆلیس بردووە، ئەویش لای خۆیەوە پاسەوانی بۆ ژوورەكەیان داناوە لە ترسی دزینی یەكێك لە منداڵەكانی.

خێزانێكی سعودی پێشنیاریان بۆ غەزالە و هاوسەرەكەی كردووە بچنە سعودیە، خێزانەكە بەڵێنی دابینكردنی تەواوی شمەك و پێداویستییەكانیان پێداون، بەڵام سەرەڕای دژواریی ژیانیان ڕەتیانكردووەتەوە وڵاتەكەیان جێبهێڵن و گەشت بۆ دەرەوە بكەن.

لەئێستادا هەر 10 منداڵەكەی غەزالە لە قۆناغی خوێندنی جیاوازدان، حەوت منداڵە پێكەوە لەدایكبووەكەشی لە یەك قۆناغدان، دووپاتیشیكردەوە ڕێگری لە خوێندنی هیچكامیان ناكات.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی 16 پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون دەكەونەكار

بابەتی دواتر

گەشتوگوزاری سلێمانی: زیاتر لە 15 هەزار گەشتیار بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە هاتوونەتە شارەکە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share