سەرۆكی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ جێگری باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و جێگری كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم كۆبووەوە و ڕایدەگەیەنێت، کورد دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر و بەهێزتر ببینێت لە بەغداد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە فیلیپ هۆڵساپفێڵ، جێگری باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و سڤێن مۆسلەر، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.
وەفدی میوان پیرۆزباییان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی یەکێتی و هیوای سەرکەوتنیان لەو ئەرکە مێژووییەدا بۆ خواست، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
لە دیدارەکەدا دۆخی سیاسیی هەرێم و عیراق تاوتوێکرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرد و وتی، “یەکڕیزی و دیدی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان لە بەغداد پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە و زامنی پاراستنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کوردە. کورد دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر و بەهێزتر ببینێت لە بەغداد و ئێمەش وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەوڵەکانمان بۆ ئەو ئامانجە باڵایە بەردەوامین”.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە بەتایبەت لەڕووی بازرگانی، سەرۆکی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هانی سەرمایەدارانی ئەڵمانیا دەدەین تاوەکو بێنە کوردستان و سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ. بەمەش ژێرخانی ئابووریی هەرێم پتەوتر دەبێت و ئێمەش پشتیوان و هاوکار دەبین.
دیدارەكە بە ئامادەبوونی سەعدی ئەحمەد پیرە، د. جوان ئیحسان و ئەمین بابەشێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ بەڕێوەچوو.