وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵی ئاشکرا کرد

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی ئەو داهاتەی ئاشکرا کرد، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب لە هەناردەکردنی نەوتەوە دەستیکەوتووە، بەپێی داتاکان داهاتەکە زیاترە لە 80 ملیار دۆلار.

کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆ داتاکانی فرۆشتنی نەوتی عێراقی بۆ هەشت مانگی ڕابردوو بڵاوکردەوە بەوپێیە، داهاتی نەوت تا کۆتایی مانگی ئاب 82 ملیار دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوت دەڵێت، “بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا هۆکارە بۆ زیادبوونی داهاتی نەوتی عێراق”.

ئاماژە بەوەشکراوە، داهاتی هەر مانگێکی نەوت لەمساڵدا 11 ملیار دۆلار بووە بە تێکڕا، تەنها مانگی ئاب نەبێت کە 10 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەکردووە، لە مانگی حوزەیراندا تێکرا نرخی بەرمیلێک نەوت 112 دۆلار بووە، لە مانگی تەمموزدا 101 دۆلار و لە ئابدا بۆ 96 دۆلار دابەزیوە.

ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، ئێستا زۆرترین گرنگییان بۆ بازاڕی نەوتی ئاسیایە، ئەویش بەهۆی بوون بە بازاڕێکی بەڵێندەر کە نەوتی خاو زیاتر بەکاردەهێنێت و بە مەبەستی بەدەستهێنانی داهاتێکی بەرز.

لەلایەکی دیکەوە جەختیکردەوە، پلانی وەزارەتی نەوتە بڕە نەوتی بازاڕی ئەوروپا زیاتر بکەن لەمساڵ و ساڵی داهاتوودا، بۆ ئەو مەبەستەش بە سەرجەم کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپا وتراوە کە خواستیان لەسەر زیادکردنی بڕی نەوت هەبێت بۆیان دابین دەکەن.

ڕەتیشیکردەوە، ئەو هەنگاوە بەمەبەستی دەستبەرداربوونی بازاڕی ئاسیا بێت، بەڵام ئێستا بازاڕی ئاسیا کێبڕکێی چڕی تێدایەبەهۆی نەوتی ڕوسیاوە کە بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕەکەدایە.

بابەتی پێشتر

ژن و مێردێک بە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکران

بابەتی دواتر

غازی ئۆتۆمبێل لە عێراق لیتری بە 200 دینارە و لە هەرێم بە 550 دینار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share