هاتوچۆی كەركوك داخستنی ڕێگای نێوان هەولێر و پارێزگاكەی لە سبەی چوارشەممەوە ڕادەگەیەنێت.
عەمید محەمەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هاتوچۆی كەركوك ڕایگەیاند، لە كاتژمێر 5ی بەیانی سبەی چوارشەممەوە ڕێگای هەولێر-كەركوك بەمەبەستی چاكسازی لە ڕێگاكەدا دادەخرێت.
میدیای فەرمیی عێراق لە زاری عەمید محەمەد وتیشی، “داخستنەكە بە دیاریكراوی لە بەردەم كۆلێجی كشتوكاڵەوە بۆ بەردەم بارەگای هێزە هاوبەشەكان دەبێت”.
ڕێگای پێچەوانە لە كەركوكەوە بۆ هەولێر كراوە دەبێت و دەبێتە جێگرەوەی شەقامە داخراوەكە (واتە دەبێتە ڕێگای هاتن و ڕۆیشتن) تا كاتێكی نادیار، وەك ئەوەی بەڕێوەبەری هاتوچۆ ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی وت،” كار لەسەر فراوانكردنی ڕێگا دەرەكییەكان و سەرلەنوێ چاككردنەوەیان دەكەن، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی ڕێگای پەیوەندیدار بە پارێزگای هەولێر ڕێگایەكی ئابوریی گرنگە و لۆدێكی زۆری لەسەرە، جگە لەوەی بەهۆی ئەو زیانانەی بەریكەوتووە هۆكاربووە بۆ دروستبوونی مەترسی بۆسەر شۆفێران”.