ژنە ئاسنینە نوێیەكەی بەریتانیا.. لیز ترەس كێیە؟

لیز تراس

لەگەڵ هەڵبژاردنیدا لەلایەن ئەندامانی پارتی پارێزگاران كە ژمارەیان نزیكەی 160 هەزار كەسە، لیز ترەس پۆستی سەرۆكی حزبەكەی وەردەگرێت، ڕێگایشی بۆ ئاوەڵابوو تا سەرۆكایەتیی حكومەت لە بەریتانیا بگرێتەئەستۆ.

هەڵبژاردنی ترەس بۆ جێگرەوەی بۆریس جۆنسن، كە پاش زنجیرەیەك دەستلەكاركێشانەوە لەنێو تیمە حكومییەكەیدا و لە ئاكامی دۆخی ئابوریی وڵات و ئابڕوچوونی ئیداری دەستی لەكاركێشایەوە.

ترەس كێیە؟
– لەدایكبووی شاری ئۆكسفۆرد-ە لە باشووری ناوەڕاستی ئینگلتەرا لە ساڵی 1977 (47 ساڵ).
– سەر بە خێزانێكە لە چینی ناوەند، خاوەن بیروباوەڕی چەپە.
– یەكەمجار لە ساڵی 2010دا وەك پەرلەمانتاری ناوچەی ساوس وێست نۆرفۆلك هەڵبژێردرا.
– بووە كەسێكی بەناوبانگ لەنێو ئەندامانی پارتی پارێزگاران بەهۆی بیروباوەڕە كراوەكانی دەربارەی ئابوری و بازرگانی.
– دووەم ژنە پۆستی وەزارەتی دەرەوە بگرێتەئەستۆ، بە ژنە ئاسنینەكە ناوبانگی دەركردووە.
– بەشداربووە لە سەپاندنی سزا بەسەر مۆسكۆ و ئۆلیگارشیی ڕوسی پاش جەنگی ئۆكرانیا.
– چەندین پۆستی وەزاری گرتووەتەدەست، ڕۆڵی هەبووە لە دانوستان لەسەر ڕێككەوتنی بازرگانی پاش دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا، كاتێك وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی بووە، بەر لەوەی بگاتە پۆستەكەی ئێستای.

دیارترین بەڵێنەكانی
– نەسەپاندنی هیچ باجێكی نوێ و ڕەتكردنەوەی ئەو زیادكردنەی پلانی بۆدانرابوو لە باجی سەر كۆمپانیاكان.
– هەڵپەساردنی ئەوەی ناودەبرێت بە “باجی سەوز”، بەشێكە لەو خەرجییەی دەدرێتە پڕۆژە كۆمەڵایەتی و سەوزەكان.
– بەڵێنیداوە بە خەرجكردنی 2.5%ی كۆی داهاتی گشتی بۆ بواری بەرگری تا ساڵی 2026، بەرزكردنەوەی ئەو ڕێژەیە بۆ 3% تا ساڵی 2030.

ئالنگارییەكانی بەردەمی
پاش ڕاگەیاندنی دەستلەكاركێشانەوەی جۆنسن، پێشبینییەكانی گەشە پاشەكشەیانكرد، هەروەك ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ سەروو 10% بەرزبووەوە، نرخی وزە و خۆراك بازیدا.
نیگەرانییەكی زۆر بڵاوبووەوە دەربارەی بەرزبوونەوەی بژێوی ژیان و بەهۆیەوە سەدان هەزار كەس لە كرێكارانی بەندەرەكان، شەمەندەفەر و پۆستە مانگرتنیان ئەنجامدا.
پاوەند خراپترین مانگی بەخۆیەوە بینی لە ماوەی دوای ڕاپرسیی برێكست-دا.
بانكی ئینگلتەرا پێشبینیكرد هەڵاوسان بۆ 13% بەرزببێتەوە، لەگەڵ كەڵەكەبوونی قەیرانی وزە.
“سیتی گروپ” پێشبینیكرد هەڵاوسان لە بەریتانیا بگاتە ترۆپك 18%، لە سەرەتاكانی ساڵی داهاتوودا.
بەریتانیا بووە شەشەم گەورە ئابوری لە جیهاندا، پێگەی پێنجەمی خۆی لە بەرژەوەندیی هندستان جێهێشت.

ڕێوڕەسمی وەرگرتنی سەرۆكایەتیی حكومەت
چاوەڕوان دەكرێت سبەی سێشەممە جۆنسن دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەشی شاژنە ئەلیزابێس-ی دووەم بكات، لە شوێنی مانەوەی هاوینەیدا لە بالمۆڕال لە سكۆتلەندا، دواتریش شاژن پێشوازی لە لیز ترەس دەكات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك حكومەتی ژمارە 15 لە سەردەمی شاژندا كە بۆ ماوەی 70 ساڵە بەردەوامە.

دوای ئەوەش ترەس دەگەڕێتەوە بۆ لەندەن بۆ پێشكەشكردنی وتاری یەكەمی لە بەردەم بارەگای حكومی لە (داونگ ستریت)، بەر لە پێكهێنانی حكومەتەكەی و ڕووبەڕووبوونەوەی كیر ستارمر-ی سەركردەی ئۆپۆزسیۆن بۆ جاری یەكەم لە پەرلەماندا.

س: سكای نیوز

بابەتی پێشتر

هاتوچۆ هاوڵاتییان لە پرسێك ئاگاداردەكاتەوە

بابەتی دواتر

بۆچی پیکێ توڕه‌یه‌؟ چاڤی پشتگوێی خستووه‌ و لاپۆرتا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژی جیهانیی چا یە

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 21ی ئایاری وەکو رۆژی جیهانیی چا دەستنیشانکردووە. بڕیارنامەکە بۆ دیاریکردنی ئەم رۆژە لە 21ی…
Total
0
Share