ڕاگرتنی خوێندن تا 7ی كانونی دووەم درێژكرایەوە

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆتۆ: ئەرشیف

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاریدا دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە خوێندنگاكاندا تا 7ی كانونی دووەمی 2021 ڕابگیرێت، خوێندنیش لە زانكۆ و پەیمانگاكان بەشێوەی ئاوێتە بەردەوام دەبێت.

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 1ی كانونی یەكەم لە هەولێر كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دەركرد.

دوابەدوای كۆبوونەوەكە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان بەشێك لە بڕیارەكانی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكاندا تا 7ی كانونی دووەمی داهاتوو درێژدەكرێتەوە.

وتیشی، لەو بەروارە دووبارە لیژنەكە کۆدەبێتەوە و دۆخی تەندروستی هەڵدەسەنگێنێتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن بدەن.

جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو، دەوامکردنی زانکۆ و پەیمانگاکان بە جێبەجێکردنی ڕێکكارە تەندروستییەکان بەشێوەی ئاوێتە بەردەوام دەبێت.

“به‌گوێره‌ی ڕاسپارده‌ و ڕێنماییه‌كانی ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، هێشتا دۆخی ته‌ندروستی به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر كۆنترۆڵدا نییه‌ و پێویسته‌ ڕێككاره‌كانی خۆپارێزی له‌ په‌تای كۆرۆنا به‌رده‌وام بن و توندتریش بكرێن، له‌ هه‌مان كاتدا پێویسته‌ تیمه‌كانی چاودێری له‌ كاری چاودێریكردنی دۆخه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن” وەك ئەوەی وتەبێژی حكومەت وتی.

لە وەڵامی پرسیاری موچەی فەرمانبەران و وادەی دابەشكردنیشی وتی، حکومەتی هەرێم بەم نزیکانە کۆبوونەوە لەبارەی موچە دەکات و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە دەدات.

دەقی بڕیارەكان:

1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

2. قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی “نائیلزامی” سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.

3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی – ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/7) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت.

4. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.

5. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

6. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.

7. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

8. لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان تا رۆژی (2021/1/7) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

9. بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/7) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

10. راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان (مزگەوت، کلێسە و هۆڵی بۆنەکان) بە مەبەستی پابەندکردنیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

11. دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (52) لە (2020/10/24).

بابەتی پێشتر

مەشقە ئامادەکاریەکانی بایرن میونشن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەکان

بابەتی دواتر

عێراق بڕ و داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی ڕابردووی ئاشكراكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share