ڕاگەیەندراوێك لە سەرۆك كۆماری عێراقەوە

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق

سەرۆك كۆمار داوای پابەندبوون بە ئارامی و خۆكۆنتڕۆڵكردن لە هەمووان دەكات و دەڵێت، پەكخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت كارێكی مەترسیدارە.

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ئەو بارودۆخە دژوارەی وڵاتەكەمانی پیایدا تێپەڕدەبێت لە هەمووان دەخوازێت پابەندی ئارامی و خۆكۆنتڕۆڵكردن و ڕێگری لە بارگرژیی زیاتر بكەن.

بەرهەم ساڵح ڕاشیگەیاند، “خۆپیشاندانی ئاشتییانە و ڕادەربڕین مافێكە لە دەستووردا گەرەنتی كراوە، لەگەڵ پابەندبوون بە یاساكان و پاراستنی ئاسایشی گشتی، بەڵام پەكخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت كارێكی مەترسیدارە، وڵات و بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتییان دەخاتە بەردەم مەترسیی گەورە”.

داواش لە خۆپیشاندەران دەكات لە دامەزراوە فەرمییەكان بكشێنەوە و ڕێگە لەبەردەم هێزە ئەمنییەكاندا بكەنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان لە پارێزگاریكردن لە ئاسایش، سیستم و موڵك و ماڵی گشتی.

سەرۆك كۆمار ڕوو لە هێزە سیاسییەكانیش دەكات و دەڵێت، پێشهاتەكان بەرپرسیارێتیی لەسەر هێزە نیشتمانییەكان دەكاتە دوو هێندە، بۆ وەلانانی ناكۆكییەكان لەپێناو بەرژەوەندیی ئەوەی بەنرخترە، لە پێناو نیشتماندا، ڕێگری لە توندوتیژی و ڕژانی خوێنی بەنرخی عێراقییەکان بکەن، هەڵوێستی ورد بگرنەبەر بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و، پاراستنی ئەو ڕێبازە ئاشتیخواز و دیموکراسی و دەستوورییەی گەلەکەمان شتە بەنرخ و بەنرخەکانی بۆ بەخشی.

پەیامەكە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی لایەنگری ڕەوتی سەدر چوونە ناو بینا حكومییەكان لە بەغداد و هەندێك پارێزگای دیكە، دوای ئەوەی ئایەتوڵلا كازم حائیری مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكان وازهێنانی لە مەرجەعیەت و، موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر وازهێنانی تەواوەتی خۆی لە كاری سیاسی ڕاگەیاند.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share